هاوشێوه‌كه‌ی جۆلی راستییه‌كان ئاشكرا ده‌كات
K24 - هه‌ولێر:
ماوه‌یه‌كه وێنه‌كانی كچێكی ئێرانی، به ناوی سه‌حه‌ر ته‌به‌ر، تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانی ته‌نیوه، گوایه ویستوویه‌تی شێوه‌ی خۆی وه‌كو هی ئه‌نجێلینا جۆلی لێبكات و بۆ ئه‌و مه‌به‌سته 50 نه‌شته‌رگه‌ری جوانكاری ئه‌نجامداوه.
پێشتریش چه‌ند وێبسایتێكی به‌ناوبانگی وه‌كو ده‌یلی مه‌یڵی به‌ریتانی و سه‌دینفۆی به‌لجیكی، راپۆرتیان له باره‌ی سه‌حه‌ره‌وه بڵاوكردووه‌ته‌وه.
پێشتر وا بڵاوكرایه‌وه، گوایه سه‌حه‌ر هه‌وادارێكی سه‌رسه‌ختی ئه‌نجێلینا جۆلی، خانمه ئه‌كته‌ری به‌ناوبانگی هۆلیووده و ویستوویه‌تی له‌و بچێت، به‌ڵام دواجار سه‌حه‌ر راستییه‌كان ئاشكرا ده‌كات و رایده‌گه‌یه‌نێت، هیچ نه‌شته‌رگه‌رییه‌كی جوانكاری ئه‌نجامنه‌داوه بۆ ئه‌وه‌ی له كه‌س بچێت، ته‌نها یه‌ك نه‌شته‌رگه‌ری بۆ لووتی كردووه.
بڵاوبوونه‌وه‌ی چه‌ند وێنه‌یه‌كی سه‌حه‌ر، گوایه به نه‌شته‌رگه‌ری شێواوه، وای له به‌كارهێنه‌رانی تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان كرد، به "زۆمبی" یاخود كچه زۆمبییه‌كه وه‌سفی بكه‌ن.
سه‌حه‌ر له لێدوانێكدا بۆ وێبسایتی رووسیه‌لیه‌وم و ئاژانسی هه‌واڵی سپوتنیكی رووسی رایگه‌یاند، له رێگه‌ی به‌كارهینانی مه‌یكئه‌پ و به‌رنامه‌ی فۆتۆشۆپه‌وه، ده‌ستكاری وێنه‌كانی كردووه و به‌و شێوه‌یه بڵاویكردوونه‌ته‌وه.
سه‌حه‌ر دانی به‌وه‌شدا ناوه، ته‌نها بۆ گاڵته و گه‌پ و خۆشی ئه‌و كاره‌ی كردووه، چه‌ند به‌كارهێنه‌رێكی تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانیش، پێشتر ئه‌و نیشانانه‌یان ده‌ستنیشان كردبوو كه ده‌رخه‌ری ئه‌وه‌ن وێنه‌كان به فۆتۆشۆپ ده‌ستكاری كراون.
ئه‌م وێنانه‌ی سه‌حه‌ر له خواره‌وه ده‌یبینن، وێنه‌ی راسته‌قینه‌ی خۆیه‌تی به‌بێ ده‌ستكاری كردن.