مامۆستایه‌كی ئه‌زهه‌ر داوا له‌ قوتابییه‌كانی ده‌كات پانتۆڵه‌كانیان دابكه‌نن

به‌ ڤیدیۆ.. له‌ ناوخۆی میسر و وڵاتانی عه‌ره‌بی و ئیسلامی مشتومڕی لێكه‌وتووه‌ته‌وه‌

K24 - هه‌ولێر:

گرته‌یه‌كی ڤیدیۆیی له‌ تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان له‌ناوخۆی میسر، بڵاوبووه‌ته‌وه‌ و مشتومڕی زۆری له‌سه‌ر ئاستی ئه‌و وڵاته‌ به‌ دوای خۆیدا هێناوه‌.

وه‌ك له‌ گرته‌ ڤیدیۆییه‌كه‌دا ده‌رده‌كه‌وێت، مامۆستای بابه‌تی "عه‌قیده‌ و ئه‌خلاق"، له‌ زانكۆی ئه‌زهه‌ر، داوا له‌ چه‌ند قوتابییه‌كی خۆی ده‌كات، له‌ناو پۆل پاتۆڵه‌كانییان دابكه‌نن.

لای خۆیه‌وه‌ زانكۆی ئه‌زهه‌ر، راگر و مامۆستا و قوتابییه‌ به‌شداربووه‌كانی ده‌ركردووه‌، كه‌ به‌شدارییان له‌و كاره‌دا كردووه‌. 

وێبسایتی "یه‌ومولسابع"ی میسری ئاماژه‌ به‌وه‌ده‌كات، مامۆستاكه‌ دانی به‌ كرده‌وه‌كه‌يدا ناوه‌ و ده‌ڵێت: "نیازم پاك بووه‌"، به‌ گوته‌ی مامۆستاكه‌ش، داوای له‌ قوتابییه‌كانی پۆل كردووه‌، چه‌پڵه‌ بۆ ئه‌وانه‌ لێبده‌ن، كه‌ بۆ پاراستنی "ئابڕووی خۆیان"، ئاماده‌ نین به‌ گوێی بكه‌ن و پانتۆڵه‌كانییان بهێننه‌ خواره‌وه‌.

مامۆستاكه‌ بانگه‌شه‌ی ئه‌وه‌ ده‌كات، ویستوویه‌تی له‌ نواندنێكدا رۆڵی "شه‌یتان" ببینێت و بۆ قوتابییه‌كانی روون بكاته‌وه‌.

میسرییه‌كان له‌ تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان تووڕه‌یی و نیگه‌رانی خۆیان له‌ كرده‌وه‌ی ئه‌و مامۆستایه‌ ده‌ربڕیوه‌ و باس له‌وه‌ ده‌كه‌ن، "ئه‌زهه‌ر له‌و مامۆستایه‌ بێبه‌رییه‌" و داوای دادگاییكردنیشی ده‌كه‌ن.

هه‌ندێك له‌ به‌كارهێنه‌رانیش وێنه‌ی كۆمێدی له‌گه‌ڵ كۆمێنته‌كانییان داده‌نێن.

ئ. م