زۆرترين و كه‌مترين مووچەی سەرۆكى وڵاتان بزانه‌

لێرەوە بزانە کام سەرۆك و سەرۆک وەزیری وڵاتان کەمترین و زۆرترین مووچەی ساڵانەی هەیە

K24 – هه‌ولێر:

لەکاتێکدا رێژەی مووچەی سەرۆك و سەرۆك وەزیران، تا رادەیەك نهێنین، رەنگە بۆتۆ جێی سەرسامی بێت، کە بزانیت دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا کەمترین مووچەی هەیە لە ساڵێکدا بە بەراورد لەگەڵ سەرۆکی وڵاتانی دیکە.

لێرەدا بڕى مووچەی 13 سەرۆك و سەرۆک وەزیرانی وڵاتان دەخەینەڕوو لە ساڵێکدا، کە لە 1 دۆلاری ئەمریکییەوە دەستپێدەکات تاکوو زیاتر لە 2 ملیۆن دۆلاری ئەمریکی بۆ مووچەی سەرۆکی وڵاتان لەماوەی ساڵێکدا، لێرەوە بزانە کام سەرۆك و سەرۆک وەزیری وڵاتان کەمترین و زۆرترین مووچەی ساڵانەی هەیە.

13. دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ويلايه‌تە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، $1 دۆلار لە ساڵێکدا:

ترەمپ لەکاتی دەستبەکاربوونی لە سەرۆکایەتی ئەمریکا مووچەی ساڵانەی رەتکردەوە کە مووچەکەی بریتی بوو لە $400,000 دۆلاری ئەمریکی لە ساڵێكدا، بەڵام وەك لە یاسای ئەو وڵاتەدا هاتووە، سەرۆك دەبێت بڕێك لەو مووچەیە هەر وەرگرێت، بۆیە ترەمپ بڕیاریدا کە ساڵانە تەنها یەك دۆلار وەربگرێت لەو $400,000 دۆلارەی کە وەك مووچە بۆ هەر سەرۆكێكی ئەو وڵاتە دیاری کراوە.

12. پیترۆ پۆرۆچینکۆ سەرۆکی ئۆکرانیا، $12,220 دۆلار لە ساڵێکدا:

سەرۆکی ئۆکڕانیا مووچەی مانگانەی بریتییە لە $1,018 دۆلار، کە دەکاتە $12,220 دۆلار لە ساڵێکدا، هاوکات پۆرۆچینکۆ شەشەم دۆڵەمەندترین کەسە لە ئۆکرانیا. کەمترین مووچەی مانگانەی هاووڵاتیان لەو وڵاتە بریتییە لە $133.

11. شی جین پینگ، سەرۆك کۆماری گەلی چین $20,500 دۆلار لە ساڵێکدا:

شی جین وەك سەرۆكی ئەو وڵاتە، مووچەی مانگانەی $1,716 دۆلارە، کە لە ساڵێکدا $20,500 دۆلار دەکات، شی جین لە نەتەوەی هانە و دەرچووی زانستە کۆمەڵایەتییەکانە، پسپۆڕە لە بیردۆزی مارکسیزم و توانای وانەبێژی ئایدۆلۆژیایی هەیە، هاوکات خاوەنی دکتۆرایە لە یاسا داهاتەکەشی بە نزیکی $376 ملیۆن دۆلار مەزەندە دەکرێت.

کەمترین مووچەی مانگانە لە چین لەنێوان $150— $300 دۆلاردایە.

10. ساولی نینیستۆ سەرۆکی فینلەند، $146,700 دۆلار لە ساڵێکدا:

سەرۆکی یەك لە دەوڵەمەندترین وڵاتی جیهانە کە بۆ دووەم خولی سەرۆکایەتی هەڵبژێردرایەوە، نینیستۆ مووچەی مانگانەی $12,225 دۆلارە، کە $146,700 دۆلار دەکات لە ساڵێکدا.

9. ڤلادیمیر پوتین سەرۆکی رووسیا، $151,000 لە ساڵێکدا:

پوتین مووچەی مانگانەی بریتییە لە $12,586 دۆلار، کە دەکاتە $151,000 لە ماوەی ساڵێکدا.

کەمترین مووچەی مانگانەی لە رووسیا $140.

8. تێریزا مەی سەرۆك وەزیرانی بەریتانیا، $198,500 دۆلار لە ساڵێکدا

سەرۆک وەزیرانی ئێستای بەریتانیا و سەرکردەی حزبی پارێزگارانی بەریتانیایە، مووچەی مانگانەی $16,542 دۆلارە، $198,509 دۆلار لە ساڵێکدا، تێریزا جوگرافیای خوێندووە لە زانکۆی ئۆکسفۆرد.

کەمترین مووچەی مانگانە لە بەریتانیە $1,569 دۆلارە.

7. ئیمانوێل ماكرۆن سەرۆکی فەرەنسا، $211,500 دۆلار لە ساڵێکدا:

کەسایەتی سیاسیی فەرەنسییە، ٢٥ـەمین سەرۆکی فەرەنسایە، پێش پیشەی سیاسی کاری وەبەرهەمهێنانی لە بانکدا کردووە، مووچەی مانگانەی ماکرۆن بریتییە لە $17,628 دۆلار، کە دەکاتە $211,530 دۆلار لە ساڵێکدا.

کەمترین مووچەی مانگانە لە فەرەنسا $1,758 دۆلارە.

6. جێمی مۆڕالیس سەرۆکی گواتیمالا، $232,000 دۆلار لە ساڵێکدا:

جێمی لە خێزانێکی هەژار بووە پێش پیشەی سیاسی، کاری ئەکتەری و شانۆی کردووە، کارگێڕی کاری لە زانکۆی سان کارلۆس خوێندووە، هەروەها پایەدارترین سەرۆکە لەناو وڵاتانی ئەمریکای لاتین، مووچەی مانگانەی $19,300 دۆلارە، کە دەکاتە $231,600 دۆلار لە ساڵێکدا.

کەمترین مووچەی مانگانە لە گواتیمالا بریتییە $200.

5. ئەنگێلا مێرکڵ سەرۆک وەزیرانی ئەڵمانیا، $263,000 دۆلار لە ساڵێکدا:

یەکێکە لە کاندیدەکانی یەکێتیی دیموکراسی مەسیحی، لە 22ی نۆڤەمبەری 2005 تاوەکوو ئێستا ڕاوێژکاری ئه‌ڵمانیایە، ناوبراو لە شاری بەرلین ژیاوە و لە ناوەندی فیزیا و کیمیای شارەکە خوێندوویەتی، هەروەها بڕوانامەی دکتۆراشی وەرگرتووە.

مووچەی مانگانەی مێرکڵ بریتییە $22,000 دۆلار، کە دەکاتە $263,000 لە ساڵێکدا.

کەمترین مووچەی مانگانە لە ئەڵمانیا $1,780 دۆلارە.

4. جەستن ترودۆ سەرۆک کوەزیرانی کەنەدا، $267,000 دۆلار لە ساڵێکدا:

کەسایەتی سیاسیی کەنەدییە، ٢٣ـەمین سەرۆک وەزیرانی کەنەدایە، جەستن هەڵگری دوو بڕواننامەی بەکالۆریۆسە، لە ئەدەب و پەروەردە، پێشتر باوکیشی سەرۆک وەزیرانی کەنەدا بووە، جەستن مووچەی مانگانەی $22,285 دۆلارە، کە دەکاتە $267,415 دۆلار لە ساڵێکدا.

مووچەی مانگانە لە کەندا بەپێی یاسای هەر هەرێمێکی لە $1,400 کەمتر نییە.

3. ماڵکم تورنبڵ سەرۆک وەزیرانی ئوسترالیا، $403,700 دۆلارە لە ساڵێکدا:

ڕێبەری پارتی لیبڕاڵی ئوسترالیایە، ئەو بە سەرکەوتنی بەسەر تۆنی ئەبۆت لە هەڵبژاردنی ناوخۆی پارتەکەی گەیشتە ئەم پۆستە، ناوبراو بازرگانە و خاوەنی بانکیشە، مووچەی مانگانەی وەك سەرۆکی ئوسترالیا بریتییە لە $33,645 کە دەکاتە $403,745 لە ساڵێکدا.

کەمترین مووچەی مانگانە لە ئوسترالیا $1,900 دۆلارە.

2. دۆریس ليوتار سەرۆکی هاوپەیمانی سویسری، $437,000 دۆلار لە ساڵێکدا:

کورسی سەرۆکایەتی لەو وڵاتە سيمبوڵييه‌ و کاروباری وڵات زیاتر لەلایەن وەزیرەکانەوە هەڵدەسوڕێنرێت، دۆریس دووەمجارە پۆستی سەرۆکایەتی وەردەگرێت، مووچەی مانگانەی دۆریس $36,000 دۆلارە واتە $1,200 دۆلار بۆ هەر رۆژێک، مووچەی ساڵانەش بۆ هەر کەسێك کە پۆستی سەرۆکایەتی ئەو وڵاتە وەربگرێت بریتییە $437,000 دۆلار.

1. لی هسێین لۆنگ سەرۆک وەزیرانی سەنگاپورە، $2.2 ملیۆن دۆلار لە ساڵێکدا:

لی هسێین پۆستی سەرۆک وەزیرانی لە باوکییەوە بۆ ماوەتەوە، لەسەر هەمان رێبازی باوکی درێژە بە سیاسەت و حوکمڕانی دەدات، ئابووری سەنگاپورە گەشە و پێشکەوتنی خێرا و بەرچاوی بەخۆوە بینی، لی هسێین زۆرترین مووچەی لەناو هەموو سەرۆك و سەرکردەکانی جیهان هەیە، کە ئەویش بریتییە لە $2.2 ملیۆن دۆلار لە ساڵێکدا، بەڵام ئەو بڕە مووچەیە تەنها بۆ سەرۆك نییە، 31 کەسی دیکە لەناو حکومەتی ئەو وڵاتە، بەشێكی کەم لەو بڕە مووچەیەی بەردەکەوێت.

بەوەش مووچەی مانگانەی لی هسێین بریتییە لە $147,000 دۆلار، بەبڕوای لی هسێین ئەو بڕە مووچەیە مووچەیەکی دادپەروەرانە و راستەقینەیە.

سەرچاوە: Bright Side