كەشناسی وادەی كۆتایی ھاتنی خۆڵبارین دیار دەكات

"مەودای بینین بۆ 300 مەتر كەمبووەتەوە"

K24 - ھەولێر

لە دوێنێ شەوەوە شەپۆلێكی خۆڵبارین رووی لە ھەرێمی كوردستان كردووە و كەشناسی ھەرێمی كوردستانیش وادەی كۆتایی ھاتنی ئەو شەپۆلە خۆڵبارینە دیار دەكات.

فازڵ ئیبراھیم، بەڕێوەبەری كەشناسی و بومەلەرزەزانی ھەرێمی كوردستان بە كوردستان24 راگەیاند: "ئەو شەپۆلە خۆڵبارینەی رووی لە ھەرێمی كوردستان كردووە، لە ئێستادا لە سنووری ھەولێر زیاتر چڕبووەتەوە و بە جۆرێك مەودای بینین بۆ 300 مەتر بووەتەوە".

بەڕێوەبەری كەشناسی و بومەلەرزەزانی ھەرێمی كوردستان گوتیشی: "بە گوێرەی پێشبینییەكان خۆڵبارین لە ھەرێمی كوردستان تا ئێوارەی ئەمڕۆ بەردەوام دەبێت".

ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد: "لە كاتی نیوەڕۆوە لە سنووری پارێزگای دھۆك خۆڵبارین بەرەو لاوازی دەچێت و لە سنووری سلێمانی زیادتر دەبێت، پێشبینی دەكرێت لە ئێوارەوە لە سەرجەم ناوچەكانی كوردستان خۆڵبارین كۆتایی بێت".