له كاتی به رۆژووبوون چی به‌سه‌ر جه‌سته‌دا دێت؟
K24 - هه‌ولێر:
له ماوه‌ی ئه‌م چه‌ند ساڵه‌ی دواییدا، به رۆژووبوون، بره‌وی زیاتری سه‌ندووه بۆ په‌یڕه‌وكردنی وه‌كو سیسته‌می خۆراكی ته‌ندرووست له‌سه‌ر ئاستی جیهان.
به رۆژووبوون چ له‌سه‌ر بنه‌مای پاڵنه‌ری ئایینی، یانیش وه‌كو په‌یڕه‌وكردنی رێجیم، كاریگه‌ریی و گۆڕانكاری زۆر له‌سه‌ر جه‌سته جێده‌هێڵێت.
- گۆڕانكاری له‌سه‌ر ئاستی شه‌كری له‌ش:
كاتژمێره‌كانی یه‌كه‌می به‌رۆژووبوون، به گشتی بۆ زۆربه‌ی خه‌ڵك سرووشتییه، چونكه جه‌سته به پرۆسه‌یه‌كی رێكوپێكی تێكشكاندنی شه‌كری گلایكۆجیندا تێده‌په‌ڕێت و شه‌كری گلوكۆز وه‌كو سووته‌مه‌نی هه‌ڵده‌گرێت، به‌گشتی 25%ی ئه‌و سووته‌مه‌نییه راسته‌وخۆ بۆ مێشك ده‌ڕوات، ئه‌وه‌ی ده‌مێنێته‌وه، پاڵپشتی خڕۆكه سووره‌كانی خوێن و ماسوولكه‌كان ده‌كات.
دوای 5 بۆ 6 كاتژمێر پشتبه‌ستن به‌و ئاسته شه‌كره‌ی له خوێن هه‌یه، رۆژووگر ده‌گاته قۆناغی "سووتانی كیتۆنی جه‌سته"، ئه‌وه‌ش پرۆسه‌یه‌كه به‌هۆی سووتانی چه‌وری له‌ش رووده‌دات و ده‌بێته هۆی چاره‌سه‌ركردنی ئاستی وزه‌ی تایبه‌ت له رێگه‌ی ئه‌و ته‌نه كیتۆنانه له خوێن هه‌ن، له‌و كاته‌ش به‌رۆژووبوونی راسته‌قینه ده‌ستپێده‌كات، هه‌ر بۆیه‌ش زۆرێك له خه‌ڵك بۆ خۆلاوازكردن ئه‌و رێگه‌یه ده‌گرێته به‌ر.
به په‌یڕه‌وكردنی سیسته‌می خواردنێكی ته‌ندرووست و بێ چه‌وری و كاربۆهايدرات، ده‌كرێ جه‌سته‌ی مرۆڤ بگاته ئه‌و قۆناغه.
- رزگاربوون له كۆلیسترۆل و ترشی یوریك:
له‌كاتی "سووتاندنی كیتۆنی جه‌سته" كه به "كیتۆزیه"ش ناوده‌برێت، كۆمه‌ڵێك شت له جه‌سته رووده‌دات، له هه‌مووی گرنگتر، جه‌سته له كۆلیسترۆل و ترشی یۆریك له رێڕه‌وه‌كانی خوێن رزگاری ده‌بێت، ئه‌وه‌ش به‌شێك سه‌ره‌كی رزگاربوونی جه‌سته‌یه له ژه‌هر.
له چوارچێوه‌ی ئه‌و پرۆسه‌یه‌شدا، ره‌نگه هه‌ندێك كه‌س تووشی سه‌رئێشه و ماندووێتی، یان سوورهه‌ڵگه‌ڕانی هه‌ندێك شوێنی پێست ببێته‌وه، له هه‌ندێك حاڵه‌تی ده‌گمه‌نیشدا ده‌گاته ئاستی ئازاری ماسوولكه و جومگه‌كان.
له كۆتاییشدا، ئازاره‌كه كه‌مده‌بێته‌وه و گوشاری خوێنیش داده‌به‌زێت و پرۆسه‌ی به كلسبوون كه‌مده‌بێته‌وه، به هه‌مان شێوه رێژه‌ی كۆلیسترۆل داده‌به‌زێت، هاوكات په‌رده‌یه‌كی ته‌نكی جه‌لاتینی، كه له ئه‌نجامی پاشماوه خۆراكییه‌كان له كۆئه‌ندامی هه‌رسكردن په‌یدا ده‌بێت، ورده ورده كه‌مده‌بێته‌وه و له‌ناو ده‌چێت.
- پشووی كۆئه‌ندامی هه‌رسكردن:
به تێڕوانین له‌و بڕه خۆراكه‌ی كه مرۆڤی رۆژووگر ده‌یخوات كه‌متره، كۆئه‌ندامی هه‌رس كه‌متر كارده‌كات و پشوو وه‌رده‌گرێت، ئه‌گه‌رچی ئه‌و پشووه بۆ ئه‌وانه كه‌متره كه ماوه‌یه‌كی كه‌م به رۆژوو ده‌بن، به‌ڵام بۆ كه‌سانێك كه رۆژووه‌كه‌یان زیاتر ده‌خایه‌نێت، زیاتره.
- رزگاربوون له ژه‌هری "دیتۆكسی هه‌ست و سۆز".
دوای یه‌كه‌م شه‌ش كاتژمێری به رۆژووبوون، ره‌نگه هه‌ست به ژانه‌سه‌ر بكه‌ی، ئه‌وه‌ش ره‌نگه ببێته هۆی تووڕه‌بوون و هه‌ست كردن به خه‌مۆكی، هه‌ندێكجاریش هه‌ستكردن به ئاسووده‌یی، بۆیه گرنگه بزانرێت چۆن مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ ئه‌و هه‌سته ده‌كرێت، له‌كاتێكدا هۆكاره سه‌ره‌كییه‌كه‌ی دیاره، ئه‌ویش به رۆژووبوونه.
بۆیه ده‌كرێت له رێگه‌ی ته‌رخانكردنی كه‌مێك كات و سه‌رنجخستنه سه‌ر چالاكییه‌كی دیكه‌ی هزری، ده‌كرێ ئه‌و هه‌سته‌ش چاره‌سه‌ر بكرێت، ئه‌وه‌ش هه‌وڵێكی زۆری جه‌سته‌یی ناوێت.
جیا له‌م سوودانه‌ی سه‌ره‌وه، شاره‌زایان به گشتی باس له‌وه ده‌كه‌ن، به رۆژووبوون سوودی زۆری هه‌یه، به‌تایبه‌تیش كه‌مكردنه‌وه‌ی رێژه‌ی سێ جۆری چه‌وری، كه ده‌بنه هۆی تووشبوون به نه‌خۆشییه‌كان دڵ، هاوكات رۆژووگرتن پیربوون دواده‌خات و كۆئه‌ندامی هه‌رسیش ده‌بووژێنێته‌وه.
سه‌رچاوه: RT
ئ. م