کۆلیسترۆل چییە و زیانەکانی چین؟

چۆن خۆت لە کۆلیسترۆلی خراپ دەپارێزیت

K24 – هه‌ولێر:

دەستەی تەندروستی دڵ و کۆلێژی دەمارەکان لە ئەمەریکا کە خاوەن چەندین شارەزا و پسپۆڕی جیهانین چەند رێنماییەکی نوێ لە بارەی کەمکردنەوەی کۆلیسترۆلی خراپ بڵاودەکەنەوە.

کۆلیسترۆل چییە؟

کۆلیسترۆل جۆرێکە لە چەوری کە لە خوێن و خانەکاندا هەیە. لەش پێویستی پێیەتی تاکو بتوانێت پرۆتین، ڤیتامین و شلە هەرسکەرەکان بەرهەم بهێنێت، جیا لەوەش یارمەتی ئۆرگانەکانی لەش دەدەن کە کارەکانیان بە دروستی بکەن، بەڵام بوونی رێژەیەکی زۆر لە کۆلیسترۆل دەبێتە هۆی جەڵتە و مردنی پێشوەختە.

دوو جۆر کۆلیسترۆل هەن:

جۆری یەکەمیان ناوە پزیشکییەکەی ئێڵ دی ئێڵە، کە بە کۆلیسترۆلی "خراپ" ناسراوە. زۆری ئەم جۆرە کۆلیسترۆلە دەبێتە هۆی وەستانی گواستنەوەی ئۆکسجین لە رێگای خوێنەوە کە دواجار مرۆڤەکە پێی دەمرێت.

زۆربوونی ئەم کۆلیسترۆلە بۆ خواردن، بۆماوەیی، کاری جگەر و چەند هۆکارێکی دیکە دەگەڕێتەوە.

جۆری دووەم، ئێچ دی ئێڵ، بە کۆلیسترۆلی "باش و تەندروست" ناسراوە، کاری سەرەکی ئەم کۆلیسترۆلە، داماڵینی لەشە لە کۆلیسترۆلی زیادە و رەوانە کردنیەتی بۆ جگەر.

چۆن رێژەی کۆلیسترۆلی خراپ دادەبەزێنیت؟

وەرزشکردن، خواردنی تەندروست و وازهێنان لە جگەرە کێشان دەتوانێت 80%ی مەترسییەکانی نەخۆشییەکانی دڵ دووربخاتەوە.

جیا لەمانە، بەکارهێنانی دەرمانی ستاتین سوودی زۆری دەبێت بۆ کەمکردنەوی کۆلیسترۆلی خراپ.

ستاتین چییە؟

ستاتین کۆلیسترۆلی خراپ و هەوکردن کەمدەکاتەوە. دەتوانێت رێگری لە جەڵتە بکات، یاخود رێگری لە جەڵتەی دووەمی ئەو کەسانە بکات کە  جەڵتە لێیداوەن.

هۆکاری ئەوەی زۆری کۆلیسترۆل دەبێتە هۆی جەڵتە، بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە، زۆر بوونی کۆلیسترۆل دەبێتە هۆی گیرانی دەمارەکانی خوێن و رێگری لە سووری خوێن دەکات، بەمەش دڵ دووچاری فشارێکی زۆر و جەڵتە دەکات.

سەرچاوە: ئی بی سی نیوز

H.J