مەسنجەر تایبەتمەندییەکی گرنگ زیاد دەکات

چیدی خەمی ناردنی نامەی هەڵەت نەبێت

K24- هه‌ولێر:

بەرنامەی مەسنجەری فەیسبووک تایبەتمەندییەکی نوێ زیاددەکات کە بەهۆیەوە دەتوانی ئەو نامانە بە تەواوی بسڕیتەوە کە لە ناردنیان پەشیمان دەبیتەوە.

بەگوێرەی هەواڵێکی رۆژنامەی ئیندیپێندتی بەریتانی، ئەو تایبەتمەندییە لە ئەپدەیتی داهاتووی مەسنجەر کارا دەکرێت، بەڵام بەجۆرێک دەبێت، گەر 10 خولەک دوای ناردنی، نامەکە نەسڕیتەوە، ئەوا ئەو نامەیە بۆ هەمیشە دەمێنێتەوە.

لەبارەی ئەو تایبەتمەندییە، کۆمپانیای فەیسبووک دەڵێت: "ئیدی بەکاربەران دەتوانن ئەو نامە، ڤیدیۆ و وێنانە بسڕنەوە کە بە هەڵە بۆ کەسێکی دەنێرن بەجۆرێک لای کەسی بەرامبەریش نامێنێت".

پێشتر تایبەتمەندی سڕینەوەی نامە لە فەیسبووک هەبوو، بەڵام نامەکە تەنها لای ئەو کەسە دەسڕایەوە کە نامەکەی "دیلیت" دەکرد.

H.J