بێرنارد لێڤی کتێبە نوێيه‌کەی پێشکەشی کورد کرد
K24 – واشنتن:
"ئیمپراتۆر و پێنج پاشا، کشانەوەی ئەمه‌ریکا و چارەنووسی جیهان"، نوێترین به‌رهه‌می بیرمه‌ندی فه‌ره‌نسايى بێرنارد لێڤیيه، كه له توێى 261 لاپەڕەدا كه‌وته به‌ر دیدی خوێنه‌ران.
ئه‌و كتێبه له سەرەتای ئه‌مساڵ له نیویۆرک چاپ کراوە. مەبەست لە ئیمپراتۆر، ئەمه‌ریکایه، پێنج پاشاکەش وڵاتانی، چین، رووسیا، ئێران، تورکیا و سعوودیەن کە ململانێ باڵادەستی ئەمه‌ریکا دەکەن. بە کشانەوەی واشنتۆن لە کێشە ناوچهيى و جیهانییەکان دیار نیە، کە چارەنووسی جیهان چی بەسەر دێت.
دەستپێکی پەرتووکەکە بە ناوی 'کورد لاقێکی کۆترەکە' دەست پێدەکات. نووسەر بە وردی باسی لە خەباتی کوردستان بۆ رزگاری و ئازادی کردەوە و بە پشت بەستن بە بەڵگە سەلماندوویەتی کە زلهێزەکان لەبەر بەرژەوەندی خۆیان پشتیان لە ملیۆنان مرۆڤ کردووە، کە سەوداسەری ئازادی و سەربەستین و نموونه‌ی ژیانێكی فره‌یی و كراوه‌یان له رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست هێناوه‌ته ئاراوه.
نووسەر لە بڕگە جیاجیاکانی پەرتووکەکەی دا، باسى له ريفراندۆمی سەربەخۆیی 25ی سێپتەمبەری 2017ی هەرێمی کوردستان كردووه و له‌و باره‌يه‌وه ره‌خنه‌ى له هەڵوێستی وڵاتانی رۆژئاوا بە گشتیی و ئەمه‌ریکا بە تایبەت گرتووه.
بێرنارد لە کتێبەکەی دا 16ی ئۆکتۆبەری 2017 و داگیركردنی كه‌ركووك وه‌ك داگیركردنی بەرلین و وارشۆ بە دەست نازی و پاشان سۆڤیەت وەسف دەکات، بیرمەند و فەیلەسووفە فەرەنسییەکە باوه‌ڕی وایه: "ئه‌وه‌ی له کەرکووک روویدا بۆ کورد کارەساتێکی مرۆیی بوو".
بێرنارد ھێنری لێڤی لەدایکبووی 1948 فەرەنسايە. چەندین کتێب و فیلمی ھەیە. یەکێک لە فیلمەکانی ناوی پێشمەرگەیە.
لێڤی له ماوه‌ی هه‌فته‌ى رابردوودا له نیویۆرك و واشنتۆن. باسی له ناوه‌ڕۆكی كتێبه‌كه‌ی بۆ سه‌دان ئه‌مه‌ریكایی كردووه.
ئا: ره‌حيم ره‌شيدى