کەوتنە داوی خۆشەویستی چەندین سوودی تەندروستی گرنگی هەیە

خۆشەویستی تەنها ژیانت جوان ناکات

K24 – هه‌ولێر:

کاتێک دڵت هۆگری کەسێک دەبێت و خۆشەویستییەکی هاوبەش دێتە ژیانتەوە، بینینت بۆ ژیان جیاواز دەبێت، رەنگە ژیان جوانتر و رەنگاورەنگتر ببینی، بەڵام ئەمە تەنها سوودی خۆشەویستی نییە، بەڵکو کەوتنە داوی خۆشەویستییەوە سوودی تەندروسی زۆری هەیە.

زانکۆی وێسترن ڤیرجینیا لە ویلایەتی کالیفۆرنیای ئەمەریکا ئاشکرایکردووە، عاشقبوون بەرهەمی کارکردنی 12 بەشی جیاوازی مێشکە پێکەوە، واتە 12 بەش لە مێشکدا بەشدارن لە پرۆسەی خۆشویستنی کەسێکدا.

توێژینەوەکەی ئەو زانکۆ ئەمەریکییە ئاشکرایکردووە، کەوتنە داوی خۆشەویستی دەبێە هۆی دەردانی هۆرمۆنی دۆپەمین و ئۆکسیتۆسین، کە دەردانییان دەبێتە هۆی زیاتر بوونی متمانە و کەمبوونەوەی قەلەقی.

جیا لەوەش کەوتنە داوی خۆشەویستی دەبێتە هۆی دابەزینی فشاری خوێن.

لەلایەکی دیکەوە، کاری کۆپەر، پرۆفیسۆری دەرونزانی لە زانکۆی مانجستەری بەریتانیا لەبارەی سوودەکانی عاشقبوون دەڵێت: "سیستمی بەرگری، هۆرمۆنەکان و چەند بەشێکی دیکەی لەش لە کاتی کەوتنە داوی خۆشەویستییەوە گۆڕانیان بەسەردا دێت و باشتر کارەکانیان دەکەن".

گۆڤاری سایکۆنیۆرۆن دۆکرینۆلۆجی بە توێژینەوە لەسەر 50 کەس بۆ ماوە دوو ساڵ ئاشکرایکردووە، هەوکردن و هێرشی ڤایرۆس لەو کەسانەی دەکەونە داوی خۆشەویستییەوە کەمتر دەبنەوە.

بە گوێرەی توێژینەوەکان، باوەشکردن و نزیکبوونت لەو کەسەی خۆشت دەوێت، 40%ی ئەو ئازارەی لەش دروستی دەکات کەم دەکاتەوە، هەروەها ماچکردنی ئەو کەسەی خۆشت دەوێت، دەبێتە هۆی کەمکردنەوەی هیستامین (ئەو پێکهاتە کیمیاییە کە دەبێتە هۆی چالاککردنی هەستیاریی)(حەساسییەت) و رێژەی کۆڵیسترۆل لە خوێندا.

هەموو ئەمانەش ئەوە دەردەخەن، خۆشەویستی هاوبەش لە نێوان دووکەس و نزیکییان، چەندین سوودی گرنگی هەیە و دەکرێت وەکو سامانێک تەماشا بکرێت.

سەرچاو: دەیلی مەیل

H.J