هاوكاریكردنێكی بچووك ته‌واوی ژیانی گۆڕی
K24 - هه‌ولێر:
ئیڤۆنی ویلیامز، كچێكی ته‌مه‌ن 18 ساڵییه، له پێناو دابینكردنی تێچووی خوێندنه‌كه‌ی، له یه‌كێك له چێشتخانه‌كانی ویلایه‌تی تێكساسی ئه‌مه‌ریكا به‌ناوی Waffle House La Marque كارده‌كات.
ویلیامز رۆژی 7ی مارس/ ئادار، وه‌ك هه‌ر رۆژێكی دیكه‌ی ئاسایی ده‌چێته سه‌ر كاره‌كه‌ی، دواتر پیاوێكی ته‌مه‌ن 78 ساڵه دێته چێشتخانه‌كه و داوای خواردن ده‌كات، به‌ڵام ئه‌و پیاوه به‌هۆی له‌رزۆكی ده‌سته‌كان، ناتوانێت خواردنه‌كه‌ی له‌ت بكات و بیخوات، بۆیه پێویستی به هاوكاری ده‌بێت.
ئه‌و كچه، به‌بێ چاوه‌ڕوانیكردن، هاوكاری پیره پیاوه نه‌خۆشه‌كه ده‌كات بۆ ئه‌وه‌ی بتوانێت خواردنه‌كه‌ی بخوات و مامه‌ڵه‌یه‌كی مرۆڤدۆستانه‌ی له‌گه‌ڵ ده‌كات.
ژنێكی دیكه به‌ناوی لۆرا وۆڵف، له‌و كاته‌ی ئه‌و دیمه‌نه‌ی بینیوه و زانیویه‌تی كچه‌كه به‌بێ هیچ به‌رامبه‌رێك هاوكاری ئه‌و پیره پیاوه ده‌كات، وێنه‌یه‌كی گرتووه و له تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی فه‌یسبووك بڵاویكردووه‌ته‌وه و نووسیویه‌تی: "ناوی ئه‌و كچه نازانم، به‌ڵام بیستم ئه‌و پیاوه پیره، ده‌سته‌كانی ده‌له‌رزن و به ته‌واوی كارناكه‌ن و ناتوانێت نانه‌كه‌ی بخوات، به‌ڵام ئه‌و كچه به‌بێ هیچ دوودڵییه‌ك هاوكاری كرد و خواردنه‌كه‌ی بۆ كرده پارچه‌ی بچووك بچووك".
دواتر ئه‌و پۆسته، له تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی فه‌یسبووك به شێوه‌یه‌كی فراوان بڵاوبووه‌وه و خه‌ڵكێكی زۆر سه‌ردانی كچه‌كه‌یان كرد له‌و چێشتخانه‌یه.
به گوێره‌ی رۆژنامه‌ی "ئیندیپێندێنت"ی به‌ریتانی، زانكۆی رۆژئاوای تێكساسیش، به بڕی 13 هه‌زار دۆلار، كۆمه‌كی ئه‌و كچه‌ی كردووه بۆ ئه‌وه‌ی خوێندنه‌كه‌ی ته‌واو بكات.
به‌رپرسانی زانكۆش رایانگه‌یاندووه، ئه‌وان هاوكاری ئیڤۆنی ویلیامز ده‌كه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی خه‌ونه‌كه‌ی بهێنیته‌دی و خوێندنه‌كه‌ی ته‌واو بكات، شاره‌داری شاره‌كه‌ش بڕیاریدا، رۆژێكی تایبه‌ت له شارۆچكه‌كه، به ناوی "ئیڤۆنی نینی ویلیامز" بكرێت و ساڵانه یادی بكرێته‌وه.
به گوێره‌ی كۆپی ئه‌ڵمانی هه‌ف پۆست، كچه‌كه تا ئێستاش باوه‌ڕ ناكات و ده‌ڵێت: "ئێستا رۆژێكی تایبه‌ت به‌ناوی منه‌وه هه‌یه، ده‌مه‌وێ جارێكی دیكه‌ش ئه‌و ئه‌زموونه دووباره بكه‌مه‌وه و هاوكاری ئه‌وانه بكه‌م پێویستیان به من هه‌یه".
ا. م