پیاوێك كچان و ژنانی مووسڵ دەڕازێنێتەوە

خانمانی مووسڵ روو لە سەنتەری جوانكاری دەكەن
https://k24mediaservice.streaming.mediaservices.windows.net/8d8e8989-4cd1-46ab-8101-11f1b1ed0dae/032019DVZ.ism/manifest

K24 - ھەولێر

لەوكاتەوەی مووسڵ كۆنتڕۆڵكراوەتەوە، خەڵكەكەی ھەوڵدەدەن دەست بە ژیانی ئاسایی بكەنەوە. لەھەنگاوێكی بوێرانەشدا، شارەزایەكی بواری جوانكاری ئافرەتان، سەنتەرێكی جوانكاری لە شارەكە كردووەتەوە، ھەرچەندە خۆی لە رەگەزی نێرە، بەڵام ژمارەیەك لە كچان و ژنان بۆ خۆڕازاندنەوە روو لە سەنتەرەكەی دەكەن.

ھەرگیز لەسەردەمی داعش بەبیری كەسدا نەدەھات، رۆژێك بێت لە مووسڵ سەنتەری جوانكاری ئافرەتان بكرێتەوە و پیاوێك بەڕێوەی ببات. محەمەد ھاشم، گوێی بە ھۆشداری خەڵك نەدا و لە ھەنگاوێكی بوێرانەدا سەنتەرێكی جوانكاری كچان و ژنانی كردەوە.

محەمەد ھاشم، باس لەوە دەكات ئەو كاتەی سەنتەرەكەی كردووەتەوە پێیان گوتووە "ئەوە شێت بوویت لە مووسڵ سەنتەری جوانكاری دەكەیتەوە، تووشی شۆك بووبوون، بەڵام ھەر سووربووم لەسەر ئەم ئەزموونە، بەرلەوەی پێشبینی شەڕ بكەم پێشبینی خێر دەكەم".

جیا لە كاری پاككردنەوەی دەموچاو و تاتۆكردنی برۆ. محەمەد، قژبڕین و كارەكانی دیكەی جوانكاری و رازاندنەوە بۆ ئافرەتان دەكات.

ھەنا، ئافرەتێكی دانیشتووی مووسڵە و زوو زوو سەردانی سەنتەرەكەی دەكات و دڵخۆشە بە كارەكانی محەمەد، بە ئاسایی دەبینێت پیاوێك كاری جوانكاری و رازاندنەوە بۆ كچان و ژنان بكات.

محەمەد ھاشم، خۆی خەڵكی مووسڵە، بەڵام پێشتر لە توركیا، لوبنان، سووریا و ھەولێر كاری جوانكاری ژنانی كردووە، دوای گەڕانەوەشی بۆ شارەكەی ئەو سەنتەرەی جوانكاری كردەوە، چاوی لەوەیە لە داھاتوودا كارەكەی فراوانتر بكات.