به‌سته‌ڵه‌كی جه‌مسه‌ره‌كان به‌ خێرایی ده‌توێنه‌وه‌

بەپێی توێژینەوەیەك 38 جار زیاتر لە رابردوو بەفر تواوەتەوە
kurdistan24.net

K24 - ھەولێر

بە پێی نوێترین توێژینەوە دەرکەوتووە بەستەڵەکی جەمسەرەکانی زەوی زۆر خێراتر لەوەی چاوەڕوان دەکرا دەتوێنەوە. بەگوێرەی ئەو توێژینەوە، ساڵانه‌ 369 تۆن بەستەڵەک و بەفر لە جەمسەرەکانی باکوور و باشووری زەوی دەتوێنەوە. پێشبینیەکانیش مەترسیدارن بەوەی ئەگەر تا ناوەڕاستی ئەم سەدەیە نەتواندرێت یەک پلەی سەدی، پلەی گەرما کەم بکرێتەوە، ئەوا مرۆڤایەتی رووبەڕووی چەندین کێشەی وەک گۆڕانی خێرای کەش و هەوا و کارەساتی سرووشتی دەبێتەوە.

ئەو توێژینەوە، کە زانکۆی زوریخ لەسەر توانەوەی بەستەڵەک و بەفری جەمسەرەکان ئەنجامیداوە، لە کۆواری سرووشت بڵاوکراوەتەوە، دەرکەوتووە بە بەراورد بە ساڵی 1960  بەستەڵەکی جەسمەرەکانی زەوی پێنج جار خێراتر دەتوێنەوە. ئەمە بێجگە لە توانەوەی خێراتری بەستەڵەکی ئەوروپا.

کاریگەرییەکانی توانەوەی بەستەڵەک و بەفری چیاکان زۆرن، زەقترین گەرمبوونی ئاوی دەریاکانە، کە ئەوەش وا دەکات لە ماوەیەکی خێرا، ئاستی ئاو بەرز بێتەوە و لە ماوەیەکی درێژخایەنیش ئاوی دەریاکان زیاتر بە هەڵم ببێت. لە ئێستاشەوە ساڵانە 3.5 ملم ئاوی دەریاکان بەرز دەبێتەوە، کە دەکاتە 17.5 سم لە ماوەی 50 ساڵدا، ئەمە بەو مەرجەی کە پلەی گەرما لە ئێستا زیاتر دانەبەزێت.

دەرەنجامەکانی توێژینەوەکە دەریخستوە کە بەفر زۆر زیاتر تواوەتەوە لەوەی پێشووتر تۆمار کراوە. بەو پێیە، 38 جار زیاتر لە رابردوو بەفر تواوەتەوە. تەنیا بەفری باشووری رۆژئاوای ئاسیاش نەتواوەتەوە بەو رادەیە، کە ئەوەش، وەک زاناکان روونیان کردووەتەوە، گرێدراوە بە کەشوهەوای هەرێمەکە نەک جیهان.

ھ.م