گه‌ردوونناسێكی ژاپۆنی له وێستگه‌ی ئاسمانه‌وه وه‌ك رووه‌ك گه‌شه ده‌كات
K24- هه‌ولێر:
پسپۆرێكی گه‌ردوونناسی ژاپۆنی له وێستگه‌ی ئاسمانه‌وه جه‌خت ده‌كاته‌وه، دوای مانه‌وه‌ی بۆ ماوه‌ی 3 هه‌فته له‌و گه‌شته ئاسمانییه‌دا، به‌هۆی نه‌بوونی هێزی كێشكردن و تاودانه‌وه، درێژی باڵاكه‌ی 9 سانتیمه‌تر زیادی كردووه.
سكای نیوز له گه‌ردوونناسێكی ژاپۆنی به‌ناوی نۆرشیگی كانای 41 ساڵی گواستییه‌وه، كه ناوبراو به‌ر له گه‌ڕانه‌وه‌ی بۆ سه‌ر زه‌وی، له‌سه‌ر تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی تویته‌ر جه‌ختی كردۆته‌وه، " به‌رله‌وه‌ی گه‌شتی ئاسمانی بكه‌ین، درێژی باڵای خۆمان پێوانه‌كرد و دوای گه‌یشتنیشمان بۆ وێستگه‌ی ئاسمان دووباره درێژی خۆمان وه‌رگرته‌وه، هه‌وره‌ها دوای ئه‌وه‌ی كه ماوه‌ی 3 هه‌فته‌یه له‌و گه‌شته ئاسمانییه‌داین، بۆمان ده‌ركه‌وت كه ئێمه له‌و ماوه‌یه‌دا وه‌ك رووه‌ك گه‌شه‌مان كردووه".
له‌تویتێكی دیكه‌دا كانای نووسیویه‌تی "له‌ماوه‌ی ئه‌و ساڵانه‌ی له قوتابخانه بووم به‌م شێوه‌یه گه‌شه‌م نه‌كردووه، تاڕاده‌یه‌ك نیگه‌رانیشم، چونكه ده‌ترسێم له‌كاتی گه‌ڕانه‌وه‌مدا بۆ سه‌ر زه‌وی كورسییه‌كه‌م بۆم نه‌گونجێت".
پێشتریش زانایان بۆیان ده‌ركه‌وتووه، كه ئه‌وانه‌ی گه‌شتی ئاسمانی ده‌كه‌ن، باڵایان له‌ناو بۆشاییدا 2 تا 5 سانتیمه‌تر زیاد ده‌كات، ئه‌مه‌ش به‌هۆی نه‌بوونی هێزی كێشكردن و تاودانه‌وه، كه واده‌كات ماوه‌ی نێوان بڕبڕه‌كانی پشتی مرۆڤ زیاتر بێت، به‌ڵام له‌كاتی گه‌ڕانه‌وه‌یان بۆ سه‌ر زه‌وی، به‌هۆی هێزی موگناتیسی و كێشكردنی زه‌وی، بڕبڕه‌كانی پشت ده‌چنه‌وه پاڵ یه‌ك و باڵای مرۆڤ ده‌گیڕێته‌وه باری ئاسایی خۆی. به‌ڵام پیش‌تر باڵای هیچ گه‌ردوونناسێكی دیكه به‌م پێوه‌ره‌ی كانای زیادی نه‌كردووه.