چی ده‌بێت ئه‌گه‌ر رۆژانه هێلكه بخۆیت!
K24- هه‌ولێر:
زانایان گه‌یشتوونه‌ته ئه‌و راستیه‌ی، ئه‌گه‌ر هیچ رێگرییه‌كی پزیشكی نه‌بێت، ئه‌وا رۆژانه خواردنی دوو هێلكه سوودی زۆری بۆ له‌شی مرۆڤ هه‌یه.
بۆنموونه رۆژانه به خواردنی دوو هێلكه‌ی مریشك، رێژه‌یه‌كی زۆری ئاوێته‌ی كۆلینی كیمیایی ده‌چێته له‌شی مرۆڤ، كه یه‌كێكه له مادده سه‌ره‌كییه پێویسته‌كان بۆ چالاكییه سرووشتییه‌كانی چه‌ورییه فۆسفاتییه‌كان، كه ده‌بێته هۆی به‌رده‌وامی په‌یوه‌ندی له‌نێوان خانه‌كانی مێشك. هه‌روه‌ك كه‌می ئه‌و ئاوێته‌یه له له‌شی مرۆڤ، ده‌بێته هۆی لاوازی هۆش و یاده‌وه‌ری یاده‌وه‌ری "میمۆری مێشك".
به‌گوێره‌ی ده‌ره‌نجامی چه‌ندین تویژینه‌وه‌ی زانستی كه له‌سه‌ر هێلكه ئه‌نجامدراون، ئه‌و ئافره‌تانه‌ی له ته‌مه‌نی هه‌رزه‌كاریدا رۆژانه دوو هێلكه‌یان خواردووه، به‌ڕێژه‌ی 18% مه‌ترسی تووشبوون به نه‌خۆشی شێرپه‌نجه له‌سه‌ریان كه‌م بووه‌ته‌وه.
هه‌روه‌ك هێلكه‌ی مریشك رێژه‌یه‌كی زۆر له كۆمه‌ڵه‌ی ڤیتامین "بی" له‌خۆده‌گرێت، كه پارێزگاری له ته‌ندرووستی پێست، نینۆك، قژ و كۆئه‌ندامی ده‌مار ده‌كات. بۆیه هێلكه بۆ ئافره‌تانی سك‌پڕ زۆر به‌سووده، له‌كاتێكدا یارمه‌تی درووستبوونی خڕۆكه سووره‌كانی خوێن و شاده‌مار و ده‌ماره ریشاڵه‌كانی كۆرپه‌له ده‌دات و، رێگری له دواكه‌وتنی گه‌شه‌ی ژیری "عه‌قل"ـى منداڵان ده‌كات.
هه‌روه‌ها ئه‌و جۆره كۆلیسترۆڵه‌ى له‌ناو هێلكه‌ی مریشكدا هه‌یه، زیانبه‌خش نییه، چونكه هاوتایه له‌گه‌ڵ چه‌ورییه فۆسفاتییه‌كان و ترشه چه‌وریيه‌كانی ئۆمێگاـ3، كه رێژه‌ی ئاوێته‌كانی چه‌ورییه سیانییه‌كان له له‌شی مرۆڤ كه‌م ده‌كاته‌وه، به‌مه‌ش مه‌ترسی تووشبوون به نه‌خۆشییه‌كانی دڵ و لووله‌كانی خوێن كه‌م ده‌كاته‌وه. وێڕای ئه‌وه‌ی پێكهاته‌كانی ناو سپیێنه‌ی هێلكه پارێزگاری له فرمان و چالاكییه‌كانی چاو ده‌كات.
له‌لایه‌كی دیكه‌شه‌وه زانیاریێكی باوه كه هێلكه‌ی مریشك سه‌رچاوه‌یه‌كی گرنگی پرۆتین و ئه‌و ترشه چه‌ورییانه‌یه كه بۆ له‌ش پێویستن و ده‌ركه‌وتنی نیشانه‌كانی پیربوونیش له‌سه‌ر جه‌سته‌ی مرۆڤ دواده‌خات، هه‌ر له‌مباره‌شه‌وه ده‌ره‌نجامی زنجیره‌یه‌ك تویژینه‌وه‌ی زانایانی هۆڵه‌ندی ده‌ریانخستووه، خواردنی هێلكه یارمه‌تی سپیكردنه‌وه‌ی په‌ڵه‌كانی پێست و نه‌هیشتنی چرچ و لۆچی ده‌دات.
H.B