ئەو منداڵە دۆزرایەوە کە کەوتبووە ناو بیرێکی قووڵەوە

دوای 13 رۆژ، تیمەکان هەواڵی خۆشییان پێ نەبوو

K24 – هه‌ولێر:

تیمەکانی فریاگوزاریی لاشەی بێ گیانی ئەو منداڵە دوو ساڵانەیان دۆزییەوە کە بۆ ماوەی 13 رۆژ لەناو بیرێکی 100 مەتر قووڵدا گیری خواردبوو.

لە 13 ئەم مانگە - کانوونی دووەم، منداڵێک لە شاری مەلەگەی ئیسپانیا کەوتە ناو بیرێک و تیمەکانی فریاکەوتنیش ماوەی 13 رۆژە بە شەو و رۆژ خەریکی دەرهێنانەوەین.

دایک و باوکی ئەو منداڵە هیوایان هەبوو کە منداڵەکەیان زیندوو بێت و شیرینی و شۆکۆلاتیان بۆ خستبووە خوارەوە، بەڵام منداڵەکە گیانی لەدەستدابوو.

سێ ساڵ لەمەوبەر، کوڕێکی دیکەی هەمان خێزان، بە نەخۆشی دڵ کۆچی دوایی کردووە و خۆزێ و ڤیکتۆریا ئێستا بێ منداڵ ژیان دەکەن.

 بەگوێرەی هەواڵێکی سایتی بی بی سی، پۆلیس رایگەیاندووە، لێکۆڵینەوە لەگەڵ خاوەنی ئەو بیرە دەکەن کە بازرگانێکی ناوچەکەیە چونکە سەری بیرەکەی بە کراوەیی بەجێهێشتووە و داینەپۆشیوە

H.J