کۆمپانیاییەکی گەورەی جگەرە بەرهەمەکانی لە وڵاتێک دەکشێنێتەوە

"بژاردەیەکی سەلامەتر لە جێی جگەرەی ئاسایی پێشکەش دەکەین"

K24 – هه‌ولێر:

کۆمپانیای ناوداری توتن و جگەرە، فیلیپ مۆریس، لە وڵاتی نیوزیلاند تەواوی بەرهەمە تووتنییەکانی دەکشێنێتەوە و لەبری ئەوە تێکنەلۆژیا بەکار دەهێنێت.

کۆمپانیاکە پێی وایە ئامێرە نوێکەی بەناوی IQOS زیانی کەمترە لە جگەرە و تیایدا داهێنانیان کردووە بەوەی ناهێڵێت تووتنەکەی ناوی بسوتێت بەڵکو تەنها گەرمی دەکات.

نیوزیلاند یەکەم وڵات دەبێت، فیلیپ مۆریس ئەم هەنگاوەی تێدا بنێت و وەک ئەوەی جەیمس ویلیەم، بەڕێوەبەری گشتی کۆمپانیاکە لە نیوزیلاند بە TVNZ گووتوە: "ئێمە جگەرەکانمان دەکشێنینەوە تاکو ئەو کەسانەی جگەرە دەکێشن، بژاردەیەکی سەلامەتریان هەبێت و ئامێرە ئەلیکترۆنییەکە بەکاربهێنن".

پێشتر توێژینەوەی زۆر لەسەر گۆڕینی جگەرەی ئاسایی بە جگەرەی ئەلیکترۆنی کراوە، بەڵام تاکو ئێستا ئەوە بە تەواویی یەکلا نەبووەتەوە کە جگەرەی ئەلیکترۆنی لە جگەری ئاسایی زیانی کەمتر بێت، بەڵام ئەم بەرهەمە نوێیەی فیلیپ مۆریس لە هەردوو بەرهەم جیاوازە و تیایدا هەم جگەرەی ئاسایی و هەم ئامێرە ئەلیکترۆنییەکە بەکاردێت.

فیلیپ مۆریس بەرهەمهێنەری جگەرەی جۆری مارلبۆرۆیە و جیا لەو بەرهەمەش، نزیکەی 130 بەرهەم و براندی دیکەی جگەرەی هەیە.

 

The Daily Mail

H.J