ژیانی خێڵێك لە مەترسیدارترین ناوچەکانی ئەمازۆن

هاوشێوەی مرۆڤە سەرەتاییەکان دەژین

K24 – هه‌ولێر:

چەند وێنە و چیرۆکی ژیانی خێڵێک کە لە یەکێک لە مەترسیدارترین ناوچەکانی ئەمازۆن دەژین بڵاودەکرێنەوە.

خێڵی گوایا لە رۆژهەڵاتی دارستانە پڕ بارانەکەی وڵاتی بەرازیل دەژین، ژمارەیان 600 کەسە و 100 کەسیان تاکو ئێستا بە هیچ جۆرێک جیا لەخۆیان پەیوەندیان بە هیچ شوێنێکی دیکەوە نییە و ژیانی سەردەمیانەیان نەبینیوە.

گۆڤاری ناشناڵ جیۆگرافی راپۆرتێکی لەسەر ژیانی ئەو خێڵە نووسیوە و چەند وێنەیەکیشی بڵاوکردوونەتەوە، ئاشکراشی دەکات، مەترسی لەناوچوونیان لەسەرە.

خەڵکی ئەو دارستانە لەگەڵ دارستانەکەیان وەک هاوڕێ دەژین و هەندێک لە خێزانەکانیش ئاژەڵی جیاوازیان ماڵی کردووە و رایانگرتوون.

ئەندامانی ئەو  خێڵە گوندە رەسەنەکانی خۆیان جێهێشتووە و زیاتر روودەکەنە دارستانە چڕەکان، تاکو بتوانن دوورتر لە ژیانی سەردەمییانەی خەڵکی ئاسایی بژین

زۆریان بۆ پەیداکردنی ژەمە خۆراکەکانیان، پشت بە راوکردن لە رێی رم و  تیروکەوان دەبەستن، هەروەها هەنگوین و گوێز یەکێکە لە خواردنە سەرەکییەکانیان. بە واتایەکی دیکە، تەواوی ژیانیان لەسەر ئاژەڵ و بەرهەمە سروشتییەکان بەندە.

ژمارەی ئەندامانی ئەم خێڵە زۆر زیاتر بوون، بەڵام لە سەدەکانی رابردوو کەوتوونەتە بەر هێرشی داگیرکارە ئەوروپییەکان و خەڵکێکی زۆریان لێکوژراوە.

لە ساڵی 1982، یەکێتی ئەوروپا بڕی 900 ملیۆن دۆلاری دایە حکوومەتی بەڕازیل تا پارێزگاری لەو خێڵانە بکات، ئەمەش یەکێکە لەو هۆکارانەی تا ئێستا ئەو ژمارە مرۆڤە لە دارستانەکانی ئەمازۆن دەژین.

ژنێکی خێڵەکە لەکاتی ئامادەکردنی جۆرە ئاژەڵێک (ئارمادیلۆ) بۆ خواردن
ژنێکی خێڵەکە لەکاتی ئامادەکردنی جۆرە ئاژەڵێک (ئارمادیلۆ) بۆ خواردن

H.J