رەفتاری ترەمپ لەگەڵ شاژن بەریتانییەکان توڕە دەکات

"ئەو بەمەبەست بێ رێزیمان پێدەکات"

K24 – هه‌ولێر:

خەڵکی بەریتانیا نیگەرانن لەوەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا، لە میانی سەردانەکەی دوێنێی بۆ ئەو وڵاتە، بێڕێزی بەرامبەر بە شاژنە ئیلیزابێسی دووەم، شاژنی شانشینە یەکگرتووەکانی بەریتانیا، کردووە بەوەی گوێی بە پڕۆتۆکۆلەکانی دیدارەکە نەداوە.

ترەمپ و مێلانیای هاوسەری، سەرەتا 15خولەک دوادەکەون، پاشان سەرۆکی ئەمەریکا لە کاتی رێکردنی لەگەڵ شاژن، چەند هەنگاوێك پێشدەکەوێت، ئەمەش مانای بێڕێزیکردنە لای ئینگلیزەکان.

هەروەها کاتێك کەسایەتییەك سەردانی شاژن دەکات، نابێت راستەوخۆ تەوقەی لەگەڵ بکات، بەڵکو دەبێت جۆرێك لە خۆچەمانەوەی تایبەت ئەنجامبدات، مەبەست لەمەش نیشاندانی رێزی زیاترە بۆ شاژن و خێزانی شاهانە.

وەک ئەوەی لە هەواڵێکی رۆژنامەی دەیلی مەیلی بەریتانی هاتووە، شاژن لە وێنەیەکدا دەردەکەوێت، تەماشای کاتژمێری دەستی دەکات و نارەحەتە لەوەی بە تەمەنی 92 ساڵیەوە بۆ ماوەی 15 خولەك لە ژێر 27 پلەی سیلیزیدا چاوەڕێی ترەمپ و خێزانەکەی دەکات.

هەندێك لە خەڵکی بەریتانیا پێیان وایە ترەمپ بە مەبەست و بۆ بێڕێزی کردن بە وڵاتەکەیان ئەو کارەی ئەنجامداوە.

جۆوانا گاسییۆرۆوسکا، پێشکەشکاری وەرزشی و رۆژنامەنووس، لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر نووسیویەتی: "من تەنانەت ناتوانم سەیری ئەم دیمەنانە بکەم، هیچ خۆ چەمانەوەیەك ئەنجام نادات و پێش شاژنیش دەکەوێت. ئەو بە دڵنیاییەوە پرۆتۆکۆلەکان دەزانێت، بەڵام بە مەبەست فەرامۆشیان دەکات. ئەمەش تەنها بۆ بێ رێزیکردنە".

H.J