فیته‌رێكی كچ شۆفێره‌كان تووشی شۆك ده‌كات

وه‌ك پیاوه‌كان هه‌موو كارێك ده‌توانێت ئه‌نجام بدات

K24 - هه‌ولێر:

کچێکی پاکستانی کە کاری چاککردنەوەی ئۆتۆمبێل دەکات بووەتە هۆی سەرسووڕمانی هاووڵاتیانی ئەم وڵاتە. عوزما لە زانکۆ بەشی ئەندازیاریی ئۆتۆمبێلی خوێندووە و ئەو بە پشتیوانی باوکی دەستی بۆ بوارێکی کارکردن بردووە کە لە پاکستان لەلایەن پیاوانەوە قۆرخ کراوە. بەڵام بە هێز و ئێرادەی خۆی سەڵماندوویەتی بۆ کاری میکانیکی كە هیچ جیاوازییەک لەنێوان ژن و پیاواندا نییە.

عوزما رەنگە لە یەکەمین ئەو کچانەی کۆمەڵگەی كۆنه‌پارێزی پاکستان بێت کە کاری میکانیکی یان فیتەریی ئۆتۆمبێل دەکات. تایە قورسەکانی ئۆتۆمبێلەکان بە تاقی تەنها دەگۆڕێت. هەرچەندە باریکەڵە و لاواز دیارە بەڵام دەست و ماسوڵکەکانی وەک هی پیاوێک بەهێز دێنە بەرچاو. خەڵکیش کە ئەم کچە لەم شوێنەدا دەبینن یان شۆک دەبن یان سەریان سووڕ دەمێنێت.

عوزما نەواز، میکانیکی ئۆتۆمبێل ده‌ڵێت: "زۆربەی کات خەڵکەکە بۆچوونێکی نەرێنیان هەیە و دەڵێن ئەم کچە لێرە چی دەکات و لای خۆیان وا دەزانن من ئەم کارەم پێ ناکرێت. بەڵام کاتێک کارێکی باشیان پێشکەش دەکەم بەڕاستی سەریان سووڕ دەمێنێت. ژنان بە زۆری بواری دیکە بۆ کار هەڵدەبژێرن بەڵام من خەونێکی جیاوازم هەیە."

عوزما ٢٤ ساڵیەتی و لە زانکۆ بەشی ئەندازیاریی ئۆتۆمبێل تەواو کردووە، هەر بۆیەش ئەم کارەی بۆ خۆی هەڵبژاردووە.

هاوكارێكی ده‌ڵێت:"عوزما، میکانیکێکی تێکۆشەرە. هەر کارێکی پێ بسپێرین وەک پیاوێک و بە ئیرادەوە ئەنجامی دەدات. ئەم تایە قورسانە بەرز دەکاتەوە و دەیانبەستێتەوە. برێک و پلاکی ئۆتۆمبێلەکان چاک دەکاتەوە و هەموو کارێک وەک ئێمە دەکات".

ئەرشەد ئەحمەد، شۆفێره‌و له‌باره‌ی كاری ئه‌و كچه‌وه‌ گوتوویه‌تی: "کاتێک بۆ چاککردنەوەی ئۆتۆمبێله‌كه‌م سەردانی ئەم شوێنەم کرد، شۆک بووم کە ئەم کچەم بینی کە هەرچەندە زۆر گەنج و لاوازە، ئەم بارە قورسانە هەڵدەگرێت، یەکەمجارمە شتێکی وا لە پاکستان دەبینم."

 خێزانی عوزما  لە شاری هەژاری دونیاپوور لە پارێزگای پونجاب دەژین. ئەو بە زەمالە توانیویەتی  خوێندنی خۆی تەواو بکات و لەبەر هەژاری چەندین جار بەزگی برسی چووەتە زانکۆ. هەرچەندە ئەو دان بەوە دەنێت کە کارێکی رچەشکێنی کردووە، هەرگیز رۆڵ و پشتگیری خێزانەکەی و بە تایبەتی باوکی بۆ سەرکەوتنی خۆی لەبیر ناکات.

ئاماده‌كردنی: له‌یلا حه‌مید