بە فەرمی كەشوھەوای نەورۆز راگەیەنرا

لە ناوچە شاخاویە سنوورییەکان ئەگەری بەفر بارین ھەیە

 K24 - ھەولێر

 بەشى پێشبینىەكانی بەڕێوەبەرایەتی كەشناسی و بومەلەرزەزانی ھەرێمی كوردستان راپۆرتێكی تایبەتی بە كەشوھەوای رۆژانی پشووی نەورۆز بڵاوكردەوە.

لە راپۆرتەكەی كەشناسیدا ھاتووە: "هەرێمى کوردستان بە کەشێکى ناسەقامگیر تێپەڕ دەبێت، یەکەم رۆژى نەورۆز، ئاسمانى هەرێم بە گشتى نیمچە هەورو هەورى تەواو دەبێت، لە تەواوى پارێزگاکانى هەرێم باران بارین دەبێت، لە ناوچە شاخاویەکان رێژەى باران بارین زیاتر دەبێت، لە ناوچە شاخاویە سنوورییەکان لە ئەنجامى نزم بوونەوەى پلەکانى گەرما بەفرێکى کەمیش دەبارێت.

ھەروەھا دووەم رۆژى نەورۆز، هەرێمى کوردستان دەکەویتە ژێر کاریگەرىنزمە پاڵەپەستۆى تورکیا ئاسمان پەڵە هەور دەبێت و پاشان دەگۆڕێت بۆ نیمچە هەورو لە هەندێ ناوچە بۆ هەورى تەواو لەگەڵ ئەگەرى نمە باران، بەڵام لە پارێزگاى هەولێر و سلێمانى ئەگەری بارانبارین زیاتر دەبێت.

ھەر بەپێی پێشبینییەكانی كەشناسی سێیەم رۆژى نەورۆز، هەرێمى کوردستان دەکەوێتە ژێر کاریگەرى نزمە پاڵەپەستۆى دەریاى سوور پارێزگاى هەولێرو دهۆک نمە بارانێکى کەمى دەبێت، بەڵام پارێزگاکانى هەڵەبجە و سلێمانى و کرکووک زۆرترین رێژەى بارانبارینى دەبێت، هەروەها ئەگەرى بەرزبوونەوەى تۆزو خۆڵێش هەیە لە هەندێ ناوچە.