پەرژین و بەربەست رێگە لە خۆشەویستی نێوان منداڵێک و سەگێک ناگرن

10 ملیۆن کەس تەماشای ڤیدیۆکەیان کردووە

K24 - هه‌ولێر: 

بەربەست زۆرە بۆ ئەوانەی دەیانەوێت بگەن بە خۆشەویستەکانیان، بەڵام منداڵێکی دوو ساڵ و سەگێک، هیچ بەربەستێک ناتوانێت رێگریان لێ بکات کە ببنە هاوڕێیەکی نزیک.

چاد نێڵسن، کاتێک هەست بە نزیکبوونەوەی کوڕە دوو ساڵ و سەگەکەی دراوسێیان دەکات، بڕیار دەدات بەیانییەک دانیشێت و لە رێگای مۆبایلەکەی پەیوەندی ئەو دووانە تۆمار بکات.

چاد لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر گرتە ڤیدیۆکەی بڵاوکردۆتەوە و لەسەری نووسیوە،" پەرژینەکە ناتوانێت کوڕە دوو ساڵەکەم لە یاریکردن لەگەڵ باشترین هاوڕێی بوەستێنێت".

باوکەکە ئەم گرتە ڤیدیۆیەی وەک رووداوێکی رۆژانەی خۆی بڵاوکردەوە،  بەڵام بەکارهێنەرانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، خۆشەویستی منداڵ و سەگەکە بە نموونەی بەهێزی و کاریگەری خۆشەویستی راستەقینە دەزانن، بەوەی سەرەڕای ئەوەی پەرژینێک لە نێوانیاندایە، منداڵ و سەگەکە یاری خۆیان هەر دەکەن، ئەمەش وایکردووە تەنها لە تویتەر، ئەو گرتە ڤیدیۆیە 10 ملیۆن بینەری هەبێت.

بۆ هەندێک، مرۆڤ دەبێت لەم دوو بوونەوەرە فێربێت، ئەگەر کەسێک یان شتێکت خۆشویست، گوێ بە بەربەستەکان مەدە، خۆشەویستی خۆی رێگاکانت بۆ ئاسان دەکات.

‌H.J