زانایان جۆرە ئەسپێکی لەناوچوو دەدۆزنەوە
K24 – ههولێر:
زانایان جۆرە ئەسپێکی لەناوچووی بەستوویان دۆزیووەتەوە کە مێژووەکەی بۆ 40 هەزار ساڵ لەمەوبەر دەگەڕێتەوە و هیوای بە دونیا هێنانەوەی چەند ئاژەڵێکی لەناوچووی داونەتێ.
تیمێکی رووسی و کۆری، ئەو ئەسپەیان لە ساردترین شاری جیهان، شاری یاکوتسک لە رووسیا، دۆزیوەتەوە و تەمەنی تەنها 20 رۆژ بووە کاتێک مردووە.
د. سێمیۆن گریگۆریڤ، بەڕێوەبەری توێژینەوەکە بە رۆژنامەی دەیلی مەیلی راگەیاندووە: "خۆشحاڵانە، بەستەرە ماسوولکەییەکانی ئەو جۆرە ئەسپە زیانیان پێنەگەیشتووە و باش پارێزراون، بۆیە دەتوانین نموونەی لێوەربگرین و لە تەکنەلۆجیای زیندەوەرزانی بەکارییان بهێنین".
دەشڵێت: "گەر بتوانین دی ئێن ئەی زیندوو لەو بەچکە ئەسپە بدۆزینەوە، ئەوا دەتوانین جارێکی دیکە ئەو جۆرە ئەسپە دروست بکەینەوە"
هەر ئەو تیمە لە هەوڵی ئەوەدان جارێکی دیکە مامووسەکان و چەند ئاژەڵێکی دیکەی لەناوچوو بۆ ژیان بگەڕێننەوە و بۆ ئەو مەبەستەش شەش ملیۆن دۆلاریان تەرخانکردووە و سەرۆکی رووسیاش، ڤلادمیر پوتن، پاڵپشتییان دەکات.
H.J