ئه‌گه‌ر هاوسه‌ره‌كه‌ت قرچۆكه ئه‌م هه‌نگاوانه چاره‌سه‌رن
K24 - هه‌ولێر:
ره‌نگه هاوبه‌شی ژیانت، خۆی وه‌كو كه‌سایه‌تییه‌كی ئابووری پێناسه بكات و وای نیشان بدات كه ئابوورییانه پاره خه‌رج ده‌كات، له هه‌مان كاتدا تۆ ناوێكی دیكه‌ی وه‌كو "چاوچنۆك یان قرچۆك" لێبنێی.
حه‌لا زه‌غلوول، پسپۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی لوبنانی، باس له‌وه ده‌كات، "پاره" دیارترین ره‌گه‌زی درووستبوونی كێشه‌یه له نێوان هاوسه‌ران، زۆرجار به‌و هۆیه‌وه كێشه‌ی نێوان هاوسه‌ران په‌ره‌ده‌ستێنێت.
ئه‌و پسپۆڕه ئابوورییه بۆ وێبسایتی "عه‌ره‌بی پۆست"، چه‌ند ئامۆژگارییه‌ك ده‌خاته‌ڕوو، بۆ ئه‌وه‌ی رێگری له په‌ره‌سه‌ندنی ئه‌و كێشانه بكات، كه به هۆی باری ماددی و ئابووری له نێوان هاوسه‌ران دێته ئاراوه.
1- جياوازى له نێوان خه‌رجی ئابووری و چاوچنۆكی بكه
به‌ر له‌وه‌ی له هه‌ڵسوكه‌وته ئابوورییه‌كانی هاوسه‌ره‌كه‌ت تووڕه‌بی، هه‌وڵبده دوو شت تێكه‌ڵ نه‌كه‌ی، ئه‌ویش بیركردنه‌وه‌ی ئابوورییانه‌یه له‌گه‌ڵ چاوچنۆكی، به‌تایبه‌تیش ئه‌گه‌ر هه‌وڵ و پلانه‌كانی هاوسه‌ره‌كه‌ت بۆ ئه‌وه‌یه به باشی مامه‌ڵه به‌و بڕه پاره‌یه بكات، كه بۆ ماوه‌ی مانگێك له‌به‌رده‌سته، بۆیه له‌و حاڵه‌ته‌دا به چاوچنۆك وه‌سفی مه‌كه، مه‌گه‌ر كڕینی كه‌لوپه‌له گرنگ و پێویست و سه‌ره‌كییه‌كان دوابخات.
2- له جیاتی داواكردن پرسیار بكه
ئه‌و پسپۆره كۆمه‌ڵایه‌تییه ئامۆژگاری ده‌كات، كه به‌رده‌وام پرسیار بكه له‌و كه‌لوپه‌له‌ی به نیازی بیكڕیت، به گشتی بۆ كه‌لوپه‌لی ماڵ، مرۆڤ هه‌وڵده‌دات كه‌مترین پاره‌ی تێدا سه‌رف بكات و گرنگی به كوالیتی نادات، به‌ڵام ئه‌وه كاریگه‌ریی پێچه‌وانه‌ی هه‌یه و واتای ئه‌وه‌یه ده‌بێت به‌رده‌وام پاره بۆ ئه‌و كه‌لوپه‌له سه‌رف بكه‌یت, بۆیه گرنگه پرسیاری ئه‌وه بكه‌ی كامه جۆر و ماركه بكڕیت، شتێك پێشنیاز بكه ئه‌گه‌ر نرخه‌كه‌شی كه‌مێك گرانتره به‌ڵام كوالیتییه‌كه‌ی باشتره.
3- به هاوبه‌شی خشته‌ی بودجه‌ی ماڵ دابنێن
پێویسته هاوسه‌ران به یه‌كه‌وه كار بكه‌ن به تایبه‌تیش بۆ رێكخستنی كاره‌كانی ناوخۆی ماڵ و ئه‌و پرسانه‌ى په‌یوه‌ندییانه‌ی به پاره‌وه هه‌یه، بۆیه پێویسته به وریاییه‌وه هه‌ندێك ئامۆژگاری پێشكه‌ش به هاوسه‌ره‌كه‌ت بكه‌ی له‌و باره‌یه‌وه، خشته‌یه‌كی پوختی له‌گه‌ڵ دابڕێژه، بۆ ئه‌وه‌ی پاره‌یه‌كی كه‌متر سه‌رف بكه‌ن و هه‌ندێك پاشهكهوتیشتان هه‌بێت, بۆ نموونه پێشنیازی ئه‌وه بكه، ئه‌و مانگه هه‌موو كۆتایی هه‌فته‌كان نه‌چنه ده‌ره‌وه و دوو جار به‌سه.
4- به‌هره‌كانی گفتوگۆ به‌كاربهێنه و ده‌ستبه‌رداری هه‌ندێك شت به
له كاتی دانانی خشته و پلانی دارایی تایبه‌ت، هه‌وڵبده ده‌سته‌به‌رداری هه‌ندێك شت بیت، بۆ ئه‌وه‌ی بزانی چیتان پێده‌وێت و كڕینی چ شتێك دوا ده‌خرێت، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا گرنگه بزانی چ كاتێك واز له كڕینی شتێك دێنی و چ كاتێكیش پێداگری له‌سه‌ر كڕینی ئه‌و كه‌لوپه‌له ده‌كه‌ی.
5- كردنه‌وه‌ی هه‌ژماری تایبه‌ت و جیاواز
هه‌ندێك له پسپۆڕان پێیانوایه، كردنه‌وه‌ی هه‌ژماری بانكی هاوبه‌ش، له نێوان هاوسه‌ران، نموونه‌ییه، به‌ڵام هه‌ژماری جیاواز و تایبه‌تیش خاڵی ئه‌رێنی خۆی هه‌یه، بۆیه ئه‌و پسپۆره لوبنانییه باس له‌وه ده‌كات، ئه‌گه‌ر له رووی داراییه‌وه سه‌ربه‌خۆیت و خاوه‌ن كاری، ده‌توانی هه‌ژماری خۆی جیابكه‌یته‌وه، ئه‌و كاته ده‌توانی له كڕینی كه‌لوپه‌له پێویسته‌كان، ده‌ستكراوه‌تر بی.
ئ. م