ژماریەك ھاندەری مۆندیال لە مۆسكۆ بوونە قوربانی

ناسنامەی ھەموویان ئاشكرا نەكراوە
kurdistan24.net

K24 - ھەواڵ

لە مۆسکۆی پایتەختی رووسیا و میوانداری مۆندیال، شوفێرێکی تاکسی بە ئەتۆمبێلەکەی خۆی كێشا بەناو چەند هاندەر و گەشتیارێکدا و هەشت کەس بریندار دەکات.

بەگوێرەی هەواڵێکی رۆژنامەی دەیلی مەیل، پۆلیسی مۆسکۆ رووداوەکە "بۆ لەدەستدانی کۆنترۆڵ لەلایەن شۆفێرەکەوە" دەگێڕێتەوە، بەڵام لە دوای بڵاوبوونەوەی گرتە ڤیدیۆی پێکدادانەکە، هاووڵاتییان گومانیان هەیە رووداوەکە بێ مەبەست بووبێت.

لە رووداوەكەدا دوو هاووڵاتی مەکسیکی، دوو هاووڵاتی رووسی و ئۆکرانیەك بوونەتە قوربانی و بە گوتەی باڵیۆزخانەی مەکسیك لە مۆسکۆ، دوو هاووڵاتییە مەکسیکیەکە تەندروستیان جێگیرە.

دەیلی مەیل لە زاری چەند شایتحاڵێکەوە ئاشکرای کردووە، شۆفێری تاکسیەکە لە دوای رووداوەکە هەڵهاتووە، بەڵام هاووڵاتیان دەستگیریان کردووە.

بە گوتەی شایەتحاڵان "شۆفێرەکە بێ ھۆش نەبووە" و لە کاتی دەستگیرکردنی هاواری کردووە "من نەبووم، من نەبووم".

بەپێی زانیارییەكان ھێشتا ناسنامەی تەواوی قوربانیان ئاشکرانەکراوە، بەڵام بە گوتەی پۆلیس یەکێك لە بریندارەکان تەندروستی ناجێگیرە.

شوفێرەکە بە ناوی ئانالبێك ئولۆ، خەڵکی وڵاتی قرغیستانە و تەمەنی 28 ساڵە، ئێستا لە لایەن پۆلیسەوە دەستگیرکراوە.

ھ.ج