بۆچی تارا فارس کوژرا؟

ژیان و وردەکاری کوشتنی تارا ئاشکرا دەکرێت

K24 – هه‌ولێر:

لە 27ی ئەیلوول ساڵی 2018، عائیشە قوسەی ناسراوە بە عەیوش، هاوڕێی نزیکی تارا فارس، لە تورکیا دەگەڕێتەوە بەغدا، لە هەمان رۆژ، کاژمێر سێی پاشنیوەڕۆ، تارا پەیوەندی پێوە دەکات پێی دەڵێت: "ئەوە منم، تارا. گەشتەکەت چۆن گوزەرا؟ با بەجۆرێک یەک ببینین".

عەیوش یەکێکە لە خانمە عێراقییە ناودارەکان کە شارەزایی لە دی جی و تێکەڵکردنی مۆسیقای ناوخۆیی و رۆژئاوایی هەیە.

تارا بەجۆرێکی دیکە ناسراو بوو، خاوەنی دوو ملیۆن و 700 هەزار فۆڵۆوەر بوو لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئینستاگرام، لەو پەیجەی، ماکیاژ، گەشتەکان، تاتۆ، کتێب و ساتە خۆشەکانی خۆی بڵاودەکردەوە.

بەگوێرەی راپۆرتێکی سایتی BBC، عەیوش و تارا بڕیار دەدەن وەکو دوو هاوڕێ لە نووسینگەی عەیوش کە دەکەوێتە گەڕەکی ئەلمەنسوور لە بەغدا یەک ببینین تاکو کارێک بۆ نمایشکردنی چەند جۆرێکی عەدەسەی چاو (Contact Lense) بکەن، بەڵام دوای چەند کاتژمێرێک عەیوش پەیوەندی بە تاراوە دەکات و وەڵامی دەست ناکەوێت.

کاتژمێر پێنج و 30 خولەک کەسێک وەڵامی دەداتەوە و بە هاوارکردنەوە پێی دەڵێت کە تارا تەقەی لێکراوە.

ئەم هاوڕێیەی تارا راستەوخۆ دەچێتە سەر فەیسبووک و پۆستەکان لەبارەی مردنی تارا دەبینێت؛ راستەوخۆ لە ترسا بەرەو ماڵەوە دەڕوات.

ساری حوسام، رۆژنامەنووسێک کە چاوپێکەوتنی لەگەڵ تارا کردووە، لەو کاتە لە کافێیەک دەبێت و لەگەڵ هاوڕێکانی یاری دەکات، کاتێک هەواڵەکە دەبیستێت، راستەوخۆ پەیوەندی بە تاراوە دەکات، بەڵام مۆبایلەکەی داخراوە.

تارا لە وێنەکانی جل و تاتۆ جیاوازەکانی نیشان دەدات، یەکێک لە تاتۆکانی بە عەرەبی نووسرابوو (کەسێک کە ناتوانرێت بشکێنرێت)، لەم دوایەش، کچێکی بە گوڵێکی سوورەوە لەسەر جەستەی نەخشاندبوو، تەنانەت ناوی "عەلی"یشی لەسەر شانی چەپی نووسیبوو.

شێوازی جل، تاتۆ و وێنەکانی تارا، لەگەڵ ئەوەی لە عێراق قبووڵ دەکرێت زۆر دوور بوو، بەڵام بە گووتەی ماجیدی فۆتۆگرافەری تارا ئەو هەمیشە دەیگووت من گوێ بە کەس نادەم و دەمەوێت لانی کەم ئازاد بم لە پۆشینی جلدا.

لە هاوینی ساڵی 2015، عێراق لە گەرمەی خۆپیشاندان بوو بەهۆی نەبوونی ئاو و کارەبا و گەندەڵی زۆر، تارا لە پۆستێکیدا رایگەیاند: "پۆلیس و سوپا تەقە لە خۆپیشاندەران دەکەن، بۆچی وایە؟ ئەمە یەکەمجارە ئەمە دەبینین. سووننە و شیعە و کورد دەبێت هەموو پێکەوە سروودی نیشتیمانیی بڵێن".

چیرۆکی تارا ئەو کاتە دەستپێدەکات کە بەزۆر لە تەمەنی 16 ساڵیدا بە شوو دەدرێت.

ئێستا ئەگەری سەیری وێنە رۆژی هاوسەرگیرییەکەی بکەی،کچێکی ترساو دەبینیت کە لە ژوورێکی سپیدایە، ماکیاژێکی زۆر و تاجێکی زەردی لەسەرە. ملوانکەیەکی ئاڵتوونی سینگی داپۆشیووە کە پێدەچێت دیاری زاوا بێت.

دوای جیابوونەوەی، تارا بووە کەسێکی یاخی و لە رێی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان باسی لە خراپی پەیوەندی لەگەڵ هاوسەری پێشووی دەکرد.

تارا دەیگووت هاوسەرەکەی دەیشکاند و لێی دەدا. کەسێکی نزم و کەم بووە.

کاتێک تەمەنی 17 ساڵ بووە، کوڕێکی لە هاوسەری پێشووی بە دونیا هێناوە، بەڵام باوکی کوڕەکەی لێسەندووە و دواتر نەیبینیوەتەوە.

لە چاوپێکەوتنێکیدا تارا دەڵێت: "من منداڵ بووم، تەنها 17 ساڵ بووم، دەمتوانی چی بکەم؟"

تارا بڕیار دەدات، چیدی دوای نەریت و فەرمانی خێزانەکەی نەکەوێت. لە دوای جیابوونەوەی لە هاوسەرەکەی و هاتنی داعش بۆ عێراق، هەولێر دەبێتە لانەیەکی ئارام بۆ تارا، بەڵام لەوێش هەندێک لە خەڵک بە تارا و بەو کەسانەشی لە دەوری تارا بوون دەگووترا، "لەشفرۆش".

سەرەڕای بەڵێنەکانی حەیدەر عەبادی سەرۆک وەزیرانی ئەو کاتی عێراق و وەزیری ناوخۆ، سەرەڕای ئەوەش کە ساتی کوشتنی تارای 22 ساڵ لە کامێراکانی چاودێری تۆمار کرا، شەش مانگ تێپەڕ دەبێت و کەس لەسەر کوشتنی تارا دەستگیر نەکراوە.

 

ساتی کوشتنی تارا فارس لە ناو ئۆتۆمبێلەکەی لە لایەن چەکدارێکەوە
ساتی کوشتنی تارا فارس لە ناو ئۆتۆمبێلەکەی لە لایەن چەکدارێکەوە

تارا تەنها قوربانی نەبوو لە عێراق، دەیان خانمە مۆدێل، گۆرانیبێژ، شاعیر، نووسەر، ئارایشتگەر و رەخنەگر کوژراون یاخود هەڕەشەی کوشتنیان لێکراوە.

هێزێک هەیە لە عێراق، ئەو کەسانە دەکوژێ کە داوای جیهانگەرایی و گۆڕینی نەریتەکانی ئێستا دەکەن، تاراش یەکەم و دواین کچ نابێت.

فاتن خەلیل، چالاکوانێک لە بەسڕە کە ئێستا لە هەوڵی ئەوەدایە وڵاتی تورکیا مافی پەنابەرێتی پێبدات دەڵێت: "ئەگەرچی هەرگیز رەخنەم لە ئاین و سیاسەت نەگرتووە، بەڵام بەردەوام هەڕەشەم لێدەکرێت".

"من نامەوێت لە عێراق بکوژرێم و دواتر خەڵک دەیان قسەی خراپم لەسەر بکات".

"ئەوەی ئێمە لەم وڵاتە بینیومانە، بۆمب، تەقینەوە، سەربڕین و ئاوارەبوون بووە".

"ئێستا بەغدا وەکو بۆمبێکی دانراو وایە، دەکرێت ئارام و ئاسایی دەربکەوێت، بەڵام لە پڕ شتێکی گەورە روودەدات و دەتەقێتەوە".

BBC

H.J