شەش جۆری سکئێشە کە نابێت فەرامۆشیان بکەین

جیاوازی نێوان سکئێشەی ئاسایی و سکئێشەی مەترسیدار چییە؟

K24 – هه‌ولێر:

بۆ زۆرکەس ئازاری ناوسک بەشێکە لە ژیانی رۆژانە، بەڵام جۆری ئازار و نیشانەکانی، هۆکار و ئاستی مەترسی ئازارەکە پیشان دەدەن.

د. سارا جارڤیز، پزیشکی هەناویی و بەڕێوەبەر لە سایتی تەندروستی Patient.info، شەش جۆر ئازاری ناوسک دیاری دەکات کە نابێت فەرامۆشیان بکەین.

شێرپەنجەی ریخۆڵەکان

ئەگەر کەسێک لەگەڵ ئازاری ناوسوک، پاشەڕۆکەی خوێناویی بێت، ئەوا ئەگەری زۆرە دووچاری شێرپەنجە بوو بێت.

ئەم نەخۆشییە بەربڵاوە و تەنها لە بەریتانیا، ساڵانە 41 هەزار کەس چارەسەری شێرپەنجەی ریخۆڵەکان وەردەگرن و زۆر مەترسیدارە.

جیا لە شێرپەنجە، بوونی خوێن لەناو پاشەڕۆ دەکرێت بۆ نەخۆشییەکانی برینی گەدە، هەوکردنی کۆ ئەندامی هەرس و ڤایرۆس و بەکتریا دەگەڕێتەوە.

ئازاری تووند

هەندێک کەس جاروبار ئازارێکی زۆر تووند لە هەناوی دروست دەبێت، ئەم جۆرە ئازارەش بۆ یەکێک لەم هۆکارانە دەگەڕێتەوە:

  • بەردی گورچیلە
  • ریخۆڵە کوێرە
  • دووگیانبوون لە دەرەوەی رەحم ectopic pregnancy
  • برینی گەدە
  • بلۆکبوونی ریخۆڵە (دەرنەچوونی پاشەڕۆ و غازات)

ئازار لەگەڵ تێکچوونی باری تەندروستی

گەر جیا لە ئازارەکە، هەستی رشانەوە، سکچوون و تێکچوونی گەدەت هەبوو ئەوا هۆکارەکەی یەکێکە لەمانەی خوارەوەیە:

  • کۆڵۆن
  • غازات
  • قەبزی و سکچوون بەهۆی خواردن
  • زراو
  • تێکچوونی ترشەڵۆکی گەدە

ئازار و بێ هۆ لەدەستدانی کێش

هەندێک کەس بەبێ هۆکار کێشیان دادەبەزێت و ئازاری هەناویان هەیە ئەمەش بۆ سێ هۆکار دەگەڕێتەوە:

  • شێرپەنجە
  • نەخۆشییەکانی پەنکریاس
  • هەوکرنی ریخۆڵە IDB

بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی لەش و ئازار

ئەگەر لەگەڵ ئازارەکە، پلەی گەرمی لەش بەرزببێتەوە ئەوا یەکێک لەم حاڵەتانەت هەیە:

  • نەخۆشییەکانی پەنکریاس
  • ژەهراوی بوون بە خواردن
  • نەخۆشی زراو
  • هەوکردنی کۆڵۆن
  • هەوکردنی لەگەنە (خانمان)

ئازاری تەواوی هەناو

باوترین هۆکارەکانی ئازاری بەشێکی زۆری هەناو بۆ سووڕی مانگانە لە خانمان یاخود تێکچوونی هەرس دەگەڕێتەوە.

کاتێک پرۆسەی هەرسکردن تێکدەچێت Indigestion هەست بە سووتانەوە دەکەیت و غازات دروست دەبێت، رەنگە دەرمانی دەرمانخانەکان چارەسەرت بکات.

هەروەها خێرا خواردن و باش نە جوینی خۆراک هۆکارێکی تری ئازاری ناوسکن.

زۆر گرنگە سەردانی پزیشک بکەیت ئەگەر زانیت یەکێک لە نیشانە مەترسیدارەکانت هەیە.

سەرچاوە: The Sun

H.J