به‌ڤیدیۆ.. داوای هاوسه‌رگیری كرد باوكیشی هه‌ردوو چاوه‌كانی ده‌ركرد

دوای له‌ده‌ستدانی رووناكی چاوه‌كانی داوای له‌ باوكی كردووه بیكوژێت به‌ڵام باوكی ره‌تيكردۆته‌وه‌ و به‌كوڕه‌كه‌ی گوتووه‌ پێویسته ببیته‌ په‌ندێك بۆ هه‌مووان
kurdistan24.net

K24- هه‌ولێر:

باوكێكی پاسكاتی، به‌ هاوكاری چوار له‌ كوڕه‌كانی، به‌ به‌كارهێنانی كه‌وچكی نانخواردن هه‌ردوو چاوی كوڕه‌ ته‌مه‌ن 22 ساڵییه‌كه‌ی ده‌رده‌كات، ته‌نیا له‌به‌ر ئه‌وه‌ی داوای كردبوو هاوسه‌رگیری له‌گه‌ڵ ئه‌و كچه‌ بكات كه‌ خۆشی ده‌وێت.

عه‌بدولباقی ته‌مه‌ن 22 ساڵی، ئه‌و گه‌نجه‌ی گوندی نه‌سیرئابادی سه‌ر به‌ هه‌رێمی بلۆجستانی وڵاتی پاكستانه‌، كه‌ به‌ خانه‌واده‌كه‌ی راگه‌یاندبوو، كه‌ ده‌یه‌وێت هاوسه‌رگیری له‌گه‌ڵ كچێكدا بكات كه‌ خۆشی ده‌وێت، به‌ڵام باوكی عه‌بدولباقی ره‌تی كرده‌وه‌ و به‌ هاوكاری چوار كوڕی دیكه‌ی عه‌بدولباقییان له‌ ژوورێكی تایبه‌ت زیندانیكرد.

وه‌ك راشگه‌یه‌ندراوه‌، به‌ر له‌ ده‌ركردنی هه‌ردوو چاوی عه‌بدولباقی، باوك و چوار كوڕه‌كه‌ی دایكی عه‌بدولباقیشیان له‌ ژوورێكی دیكه‌ زیندانیكردبوو، بۆئه‌وه‌ی نه‌توانێت به‌هانای كوڕه‌كه‌یه‌وه‌ بچێت.

گه‌نجه‌ قوربانییه‌كه‌ ئاشكرایكردووه‌، دوای له‌ده‌ستدانی رووناكی چاوه‌كانی داوای له‌ باوكی كردووه بیكوژێت، به‌ڵام باوكی ره‌تكردۆته‌وه‌ و به‌كوڕه‌كه‌ی گوتووه‌ پێویسته‌ بۆ هه‌تاهه‌تایه‌ به‌كوێرایه‌تی بژی، بۆئه‌وه‌ی ببیته‌ په‌ندێك بۆ هه‌موو خه‌ڵكی گونده‌كه‌.

‌پۆلیسی بلۆجستانیش رایگه‌یاندووه‌، دوای ده‌ستگریكردنی باوك و دوو له‌ كوڕه‌كانی، په‌ڕاوی لێكۆڵینه‌وه‌ له‌و دۆسیه‌ كراوه‌ته‌وه‌ و فه‌رمانی ده‌ستگیركردنیش بۆ دوو كوڕه‌ راكردووه‌كه‌ی دیكه‌ش ده‌ركراوه‌.

H.B