كچێكی نابینا دەبێتە بێژەر

نور ھۆكاری كاركردنی لە بواری راگەیاندن ئاشكرا دەكات
https://k24mediaservice.streaming.mediaservices.windows.net/aa894d0c-df77-4ec5-bd3e-0a9859b7b3cd/faruq.ism/manifest

K24 - ھەولێر

كچێكی نابینا لە شاری مووسڵ، ململانێ لەگەڵ ژیان دەكات و بواری راگەیاندنی بۆ كاركردن ھەڵبژاردووە و لە یەكێك لە رادیۆكانی ئەو شارەدا پێشكەشكاری بەرنامەیەكی ھەفتانەیە، ئەو پێیوایە ھەركەسێك با خاوەن پێداویستی تایبەت بێت یان بەشێكی جەستەی لەدەستدابێت، دەتوانێت خەونەكانی بێنێتەدی و بەسەر كۆسپ و تەگەرەكانی ژیاندا زاڵ بێت.

ئەو كچە ناوی نورە، بەڵام بێبەشە لە بینینی نور و رۆشنایی. ھەرچەندە ژیانی ھەمووی لە تاریكیدایە و ناتوانێت ھیچ ببینێت، بەڵام بەھیوایەكەوە دەژیت، وەك ئەوەی پەی بە ھەموو تروسكایەكی ژیان ببات. لەدەستدانی نوری چاوەكانی، وای لەنور كرد زیاتر دەست بەژیانەوە بگرێت و كاری میدیاییش ھەڵبژێرێت.

نور تائی، بێژەری یەكێك لە رادیۆكانی مووسڵە ئەو دەڵێت: "ھۆكاری ھەڵبژاردنی بواری راگەیاندن، بۆ یارمەتیدانی خەڵكە، بەتایبەت ئەوانەی وەك من نابینا یاخود خاوەن پێداویستی تایبەتن، ھەروەھا بۆ ئەوەی ھیوایەك بدەمە خەڵك، ئەو پەیامەشیان پێبدەم كە خاوەن پێداوسیتییە تایبەتەكانیش دەتوانن شتێك پێشكەشی جیھان بكەن و خەونەكانیان بێننەدی".

ئەو رادیۆیەی نور، كاری تێدا دەكات، سەربەخۆیە و رادیۆیەكی تەرفیھی و گۆرانی ئامێز و رۆشنبیری گشتییە، كۆمەڵێك گەنج دایانمەزراندووە و كاركردن تیایدا خۆبەخشانەیە.

یاسر قەیسی، یەكێك لە دامەزرێنەرانی رادیۆكەیە و ئاماژە بۆ ئەوە دەكات: "رادیۆكەمان كە وەن ئێف ئێمە، یەكەم رادیۆی سەربەخۆیە كە لەنێو شاری مووسڵەوە پەخشی خۆی دەكات، لەدوای نەمانی داعش لە شارەكە، ئامانج لێی رۆشنبیركردن و ھۆشیاركردنەوە و سەرگەرمی بۆ خەڵكی مووسڵ، كۆمەڵێك گەنجی بێلایەنی خۆبەخش دایانمەزراندووە، كە سەربە ھیچ پارت و لایەنێكی سیاسی نییە و ھیچ پاڵپشتییەكی دارایی دەرەوەی نییە، كارەكانیش لەم رادیۆیە خۆبەخشانەیە".

ھ.م