ئه‌و ژنه‌ زۆرترین كاریگه‌ریی له‌سه‌ر سیاسه‌ته‌كانی تره‌مپ هه‌یه‌

ئاماده‌یی ده‌ربڕیوه‌ خه‌رجی گواستنه‌وه‌ی باڵیۆزخانه‌ی ئه‌مه‌ریكا له‌ ئیسرائیل له‌ ئه‌ستۆ بگرێت

K24 - هه‌ولێر:

میریام ئه‌دیڵسۆن، ئه‌و ژنه‌ ملیاردێره‌ ئه‌مه‌ریكیه‌یه‌، كه‌ زۆرترین كاریگه‌ریی له‌سه‌ر سیاسه‌ته‌كانی كۆمارییه‌كان و به‌تایبه‌تیش دۆناڵد تره‌مپ، سه‌رۆكی ئێستای ئه‌مه‌ریكا هه‌یه‌.

میریام و شیلدۆن ئه‌دیڵسۆنی هاوسه‌ری، سه‌رمایه‌داری گه‌وره‌ن و گه‌وره‌ترین كۆمپانیای گازینۆكانی لاس ڤێگاسی ئه‌مه‌ریكا هی ئه‌وانه‌، ژماره‌ی پێوانه‌ییان شكاندووه‌ له‌ پاڵپشتیكردنی دارایی هه‌ڵمه‌ته‌كانی هه‌ڵبژاردنی كۆمارییه‌كان كه‌ گه‌یشتووه‌ته‌ 113 ملیۆن دۆلار، هه‌ر بۆیه‌ش تره‌مپ له‌ رێوڕه‌سمێكی رێزلێناندا، به‌رزترین مه‌دالیای پێبه‌خشی.

میریام خۆی ئیسرائیلییه‌ و یه‌كێكه‌ له‌ پشتیوانانی وڵاته‌كه‌ی له‌سه‌ر ئاستی جیهان و ئه‌مه‌ریكاش، كاریگه‌ریی زۆری هه‌یه‌، به‌ گوێره‌ی راپۆرته‌كان، میریام رۆڵێكی سه‌ره‌كیشی له‌ گواستنه‌وه‌ی باڵیۆزخانه‌ی ئه‌مه‌ریكا هه‌یه‌ له‌ ته‌لئه‌ڤیڤه‌وه‌ بۆ قودس/ ئۆرشه‌لیم.

وه‌ك وێبسایتیی ده‌یلی مه‌یڵیش بڵاویكردووه‌ته‌وه‌، له‌ ئه‌گه‌ری ناڕه‌زایی و ده‌ربڕینی نیگه‌رانی له‌سه‌ر ئاستی جیهان، میریام ئاماده‌یی ده‌ربڕیوه‌ تێچووی گواستنه‌وه‌ی باڵیۆزخانه‌ بۆ قودس/ ئۆرشه‌لیم بگرێته‌ ئه‌ستۆ.

میریام و شێڵدۆن ئه‌دیڵسنی هاوسه‌ری
میریام و شێڵدۆن ئه‌دیڵسنی هاوسه‌ری

له‌و باره‌یه‌وه‌ رۆژنامه‌وانێكی ئیسرائیلی باس له‌وه‌ ده‌كات، ئه‌وه‌ی ئه‌و ژنه‌ بۆ ئیسرائیل كردوویه‌تی كه‌م نییه‌ و ئێستا هه‌رچی بكات و بڵێت، له‌سه‌ر ئاستی ئیسرائیل ده‌بێته‌ هه‌واڵ و ده‌زگا راگه‌یاندنه‌كان گرنگی پێ ده‌ده‌ن.

میریام خۆی پزیشكه‌ و نۆرینگه‌ی تایبه‌تی به‌ چاره‌سه‌ركردنی ئالووده‌بووانی مادده‌ هۆشبه‌ره‌كان هه‌یه‌ و سه‌ره‌تا له‌ ساڵی 1993 له‌ ئیسرائیل نۆرینگه‌ی كردووه‌ته‌وه‌، دواتریش نۆرینگه‌یه‌كی له‌ ئه‌مه‌ریكا داناوه‌.

ئه‌گه‌رچی بۆ خۆیان پاڵپشتییه‌كی زۆر دارایی كۆمارییه‌كان ده‌كه‌ن، به‌ڵام تێكه‌ڵاوی سیاسه‌ت نابن هیچ پله‌ و پۆستێك به‌ فه‌رمی وه‌رناگرن، ته‌نها له‌ دووره‌وه‌ پشتیوانی خۆیان ده‌رده‌بڕن و سه‌رقاڵی كاری بازرگانی خۆیانن.

سه‌رچاوه‌: گاردیانی به‌ریتانیا - عه‌ره‌بی پۆست

ئ. م