قەیرانی دارایی رێگری لە پێشبڕكێی شاجوان ناكات

"بەشداربووان ھەمان ئازاری خەڵكی دیكەیان ھەیە"
kurdistan24.net

K24 - ھەولێر

کچە شۆخەکانی ڤێنزوێلا خۆیان بۆ پێشبرکێی شاجوانی ئامادە دەکەن، ئەوان ئەندامانی هەمان ئەو کۆمەڵگەیەن کە ماوەی پێنج ساڵە بە دەست دەرەنجامەکانی قەیرانێکی ئابووریی قووڵەوە دەناڵێنێت. پیشبرکێیەکە ئامادەکارییەکی زۆر سادەی بۆ کراوە و وەك ساڵانی پێشوو بە دەست بڵاوییەوە بەرێوە ناچێت. رێکخەرانی بۆنەکە دەڵێن ناچار بوونە خۆیان لەگەڵ هەلومەرجی نالەباری ئابووری بگونجێنن.

کچە شۆخەكانی ڤێنزوێلا دوایین رۆژی پرۆڤەی خۆیان بۆ پێشبرکییەی شاجوانی بەڕێ دەکەن. کاندیدەکانی شەشەمین خولی پێشبرکێی شاجوانی هەرچەندە بە رووخسار هەوڵدەدەن، گەش و شەنگ دیار بن، بەڵام ئەو قەیرانە ئابوورییە سەختەی ماوەی پێنج ساڵە بەرۆکی وڵاتیانی گرتووە، کاری لەوانیش کردووە.

نینا سیسیلیا، رێکخەری بۆنەکە دەڵێ: "بەگوێرەی بارودۆخی وڵاتەکەمان ئێمە بۆنەکەمان رێکخستووە، چونکە ئەو 24 کچەی بەشدارن لە پێشبرکییەدا هەمان ئەو ئازارەیان هەیە کە هەموو کۆمەڵگەی ڤێنزوێلا بە دەستیەوە دەناڵێنێت".

زۆربەی کچەکان بەهۆی هەژاریەوە ناچار بوونە بە پاس و دوای ماوەیەکی درێژ بگەنە ساڵۆنی پرۆڤەکان. بۆیە بێ ‌هێزیان پێوە دیارە.  

ساڵانی رابردوو پێشبرکێیەکە لە هۆڵێکی بەناوبانگی کاراکاس بەڕێوە دەچوو کە توانای لە خۆگرتنی 20 هەزار کەسی هەبوو، بەڵام ئەمساڵ لە ستۆدیۆیەکی تەلەڤزیۆنی کە تەنیا دەتوانێت 200 میوان لە خۆ بگرێت، ساز دەکرێت.

هەروەها ئەمساڵ لەبری گۆرانیبێژە بەناوبانگەکان، چەند گەنجێك لەناو پێشبرکێیەکە میوزیك دەژەنن و گۆرانی دەڵێن کە یەکەمجارە لەسەر تەلەڤزیۆن دەردەکەون.  بۆ مێکئاپ و رازاندنەوە و جلوبەرگی کاندیدەکانیش، رێکخەرانی بۆنەکە یارمەتییان لە سپۆنسەری بەرنامە تەلەڤزیۆنییەکان وەرگرتووە. 

هەرچەندە بەشێکی زۆری خەڵکی ڤێنزوێلا بەهۆی قەیرانی داراییەوە نان نییە بیخۆن و نەخۆشەکانیان داودەرمانی پێویستیان پێ ناگات و بە میلیۆنان کەسیان بەهۆی ئەم دۆخەوە ئاوارە بوونە، هێشتاش رەنگە حەز و ئارەزوویان بۆ تەماشاکردنی تەلەڤزیۆن و بینینی پێشبرکێیەکە كاڵ نەبووبێتەوە.

ئەمساڵ پێشبرکییەکە تەنیا چەند مانگێک دوای ئەوە بەڕێوە دەچێت کە رێکخەری بۆنەکە دوای 40 ساڵ لە کارکردن بەهۆی تۆمەتی بردنی کاندیدەکانی شاجوانی بۆ بازرگانە بەناوبانگەکان و بەکارهێنانیان بۆ کاری سێکسی دەستی لەکار کێشایەوە.

هەر چۆنێک بێت، براوەی ئەم پێشبرکێیە دەبێتە کاندیدی ڤێنزوێلا بۆ شاجوانی جیهان. سەرەڕای هەژاریی وڵاتەکەیانیش، کچانی ڤێنزوێلا شانسی بردەوەیان لە پیشبرکێی شاجوانی جیهانی زۆرە و وەك هیند تا ئێستا شەش جار بوونە خاوەنی ئەو نازناوە.