رۆژنامەیەکی فەلسەفی 6 راستی لەبیرکراومان بیردەخاتەوە

6 نەریت و خولیا کە زۆر لامان گرنگن بەڵام لە راستیدا زۆر پووچن

 K24 – هه‌ولێر:

ژیان لە چاوی هەرکەس جۆرێکە، بەڵام ئەوانەی ئاستی بیرکردنەوەیان زیاترە، زووتر لە پووچی هەندێک شت تێدەگەن کە رەنگە لای زۆرمان گرنگی زۆریان هەبێت.

لەم بابەتەی رۆژنامەی(Unbounded Spirit)ـی فەلسەفی، شەش نەریت و خولیا هەڵبژێردراون کە لای زۆر کەس گرنگی زۆریان هەیە، بەڵام لە راستییدا پووچن و بە زیان کۆتاییان دێت.

  1. خۆشەویستی بۆ براندە جیهانییەکان

زۆر کەس کەوتونەتە تەڵەی ئەو بیرکردنەوەیە کە کڕین و پۆشینی دروستکراوی کۆمپانیا جیهانییەکان و براندە ناودارەکان، دەیانکاتە کەسێکی بریقەدار، جوان و سەرکەوتوو. ئەمەش وایلێکردوون، متمانە و بڕوا بەخۆبوونی خۆیان بە ماددەگەلێکی دروستکراو گرێبدەن.

ئەم جۆرە کەسانە لە راستییدا فشاری زیاترییان لەسەرە چونکە هەمیشە هەوڵی بەدەستهێنانی شتی گرانبەهاتر دەدەن و بیریان دەچێتەوە کە شتی گرنگتر لە ژیانیاندا هەیە. پەیوەندی دەوروبەریان، گەڕان بە دوای ئەوەی لە دڵەوە خۆشحاڵیان دەکات و سەلماندنی خۆیان وەک کەسێکی پێویست لەبیر دەکەن، بەڵکو ژیان پڕ دەبێت لە رکابەریی لەسەر کاتژمێر، جلووبەرگ و ئۆتۆمبێل.

  1. ژمارەی هاوڕێ

زۆر کەس هەن هەمیشە بە بەهاوە باس لەوە دەکەن کە ژمارەیەکی زۆری هاوڕێیان لە سۆشیاڵ میدیا هەیە و پۆستەکانیان لایکی زۆریان بۆ دێت.

لە راستییدا، ژمارەیەکی زۆرکەم یاخود رەنگە هیچ کام لەم کەسانە، هاوڕێی راستەقینە نەبن.

ئەگەر تۆ کەسێکیت کە شانازی بە ژمارەی لایک و هاوڕێکانی سۆشیاڵ میدیا دەکەیت، ئەوا باشترە جارێکی دیکە بیر بکەیتەوە و بەڵێیت، چەند کەس لەمانە بە راستی هاوڕێی منن و خۆشەویستی و سۆزیان بۆ من هەیە؟

بوونی یەک هاوڕێی زیندوو، لە هەزاران هاوڕێی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان باشترە.

  1. پارە

گرنگ نییە چەند پارەت هەیە، هەرگیز ناتوانی ئەو ئازادی و خۆشییەی دەتەوێت بیکڕیت. زۆرینەی خەڵک حەز بە خاوەندارێتی و پارەی زۆر و بێ سنوور دەکەن، تەنانەت ئەمە خەونیانە و بە بەشێکی گرنگی دەزانن.

بەڵام هەرکاتێک یەکێک لەمانە پارەیەکی زۆریان دەستدەکەوێت، زوو هەست بە نا ئومێدیی و پووچی دەکەن.

ئەگەر کەسێک لە ژیانیدا خۆشەویستی راستەقینە، بیری داهێنان، پلان و بەهای نەبێت، هەرگیز پارە بەوجۆرە دڵخۆشی ناکات کە بیری لێدەکاتەوە.

  1. ژمارەی ئەو کاتژمێرانەی سەرقاڵی

زۆر کەس لایان وایە گەر شەو و رۆژ کاربکەن و خەریکی پڕکردنەوەی پێداویستی ژیانیان بن، بەم دەست و بەو دەست هەڵپەیان بێت و هەنگاوی زیاتر بهاون لەوەی دەتوانن، فشار و نا ئومێدیی و تەندروستییەکی خراپ چاوەڕێیان دەکات.

مرۆڤ دەبێت هەمیشە کاتێک بۆ پشوودان و بەسەربردنی کات لەگەڵ خۆی دابین بکات. دەبێت کاتێکت هەبێت کە تیایدا ئارام بیتەوە و خەم لە کار و ژیان نەخۆیت.

  1. دەسەڵاتت بەسەر ئەوانی دیکەدا

تا دێت کۆمەڵگەکان بەرە کۆمەڵگەی رکابەریی دەڕۆن. خەڵک بڕوایان وایە گەر بتوانن خۆمان بسەپێنن و دەسەڵاتی خۆیان بەسەر ئەوانی دیکەدا زیاد بکەین ئەوا، هەست بە سەرکەوتنوو و بڕوا بەخۆبوون دەکەن. بۆیە زۆر کەس هەوڵدەدات، نیشانی بدات کە چۆن دەتوانێت دەسەڵاتی بەسەر ئەوانی دیکەدا هەبێت.

لە راستیدا ئەم کەسانە هەمیشە لە دوودڵیدا دەژین و فشاری دەروونیان هەیە چونکە دەترسن لە هەرکاتێک ئەو ناو و دەسەڵاتەیان نەمێنێت. پێیان وایە شوناسی ''بەرزیان'' هەمیشە لە مەترسیدایە. هەندێکجار هەندێک رێگا بەکاردەهێنن تاکو پێگەکەیان لەدەست نەدەن، دەبنە کەسێکی نەویستراو لەناو خەڵکدا.

  1. ژمارەی دڵخوازەکانت

خەڵکانێک، ئەوانەی ناتوانن پەیوەندی خۆشەویستی دروستبکەن، خێرا بیر لەوە دەکەنەوە، سێکس بە خۆشەویستی بگۆڕنەوە. ئەوان نازانن، گەر لەگەڵ دەیان کەس بخەون و سێکس بکەن، ناتوانن بگەنە ئەنجام و تێر نابن لە سێکس و خۆشەویستی. سێکس ئەوە بە مرۆڤ نابەخشێت کە لە قووڵی ناخییدا بەدوایدا دەگەڕێت. گەر لەو کەسانەیت، چیدی بەدوای کەسێکدا مەگەڕێ کە سێکسی لەگەڵ بکەیت، بەڵکو بەدوای کەسێکدا بگەڕێ کە بتوانی رازی دڵتی لەگەڵ بکەیتەوە و خۆشت بوێت.

H.J