له‌ ئه‌مه‌ريكا به‌ هۆى ئيسرائيله‌وه‌ ئافره‌تێك له‌سه‌ر كاره‌كه‌ى ده‌ركرا

به‌ هۆى ئه‌وه‌ى رازى نه‌بوو په‌يمان بدات

K24 – هه‌ولێر:

له‌ ويلايه‌تى ته‌كساسى ئه‌مه‌ريكا، پسپۆڕێكى چاره‌سه‌رى كێشه‌كانى گۆكردن لاى منداڵان ده‌ركرا، به‌ هۆى ئه‌وه‌ى رازى نه‌بوو په‌يمان بدات، بايكۆتى كه‌رسته‌ى ئيسرائيلى نه‌كات.

به‌هيه‌ عه‌ماوى، له‌ دادگاى فيدراڵى ته‌كساس سكاڵايه‌كى دژى دامه‌زراوه‌كه‌ى تۆمار كردووه‌ و رايگه‌ياندووه‌، ئه‌و داوايه‌ى لێيكراوه‌، پێچه‌وانه‌ى بنه‌ماكانى ئازادى راده‌ربڕينه‌، كه‌ له‌ ده‌ستوورى ئه‌مه‌ريكادا دانى پێدا نراوه‌.

له‌ گرێبه‌ستى كاركردنى دامه‌زراوه‌كه‌دا، ئه‌و مه‌رجه‌ دانراوه‌، كه‌ ده‌بێت كارمه‌ندانى دامه‌زراوه‌كه‌ په‌يمان بده‌ن، بايكۆتى كاڵاى ئيسرائيل ناكه‌ن و هيچ كارێكيش ناكه‌ن كه‌ زيان به‌ ئابوورى ئيسرائيل بگه‌يه‌نێت.

عه‌ماوى رايگه‌ياندووه‌، واژوو له‌سه‌ر ئه‌و مه‌رجه‌ ناكه‌م، چونكه‌ خۆم و خێزانه‌كه‌م كاڵاى ئيسرائيلى ناكڕين و بايكۆتمان كردووه‌.

ئه‌و ئافره‌ته‌ ماوه‌ى زياتر له‌ سێ ده‌يه‌يه‌ له‌ ئه‌مه‌ريكا ده‌ژيت و هاووڵاتيى ئه‌و وڵاته‌يه‌.