ژنێك له لایه‌ن مێرده‌كه‌یه‌وه هه‌وڵی خنكاندنی ده‌درێت
K24 - هه‌ولێر:
پاش ئه‌وه‌ی خه‌ونی به ده‌ستپێكردنی ژیانێكی نوێوه ده‌بینی و ده‌یویست له داهاتوودا ببێته پۆلیس، به‌ڵام په‌یوه‌ندی نێوانی له‌گه‌ڵ هاووڵاتییه‌كی خۆیدا گۆراوه بۆ كابووس، به تایبه‌تی پاش ئه‌وه‌ی كوڕه‌كه دڵی له هاوژینه‌كه‌ی پیس بووه‌و هه‌وڵیداوه له ماڵی باوكی‌دا له شاری كوتبوسی باكووری رۆژهه‌ڵاتی ئه‌ڵمانیا بیخنكێنێ.
ئه‌و كچه ته‌مه‌ن 21 سأڵانه ناوی "لیدیا غ" كه له‌گه‌ڵ خێزانه‌كه‌یدا پێش دوو ساڵ په‌نایان بۆ ئه‌ڵمانیا بردووه، ئیستا لووتی شكاوه‌و له به‌شی چاره‌سه‌ركردنی نه‌خۆشییه‌كانی "لووت و قوڕگ و گوێ" یه و له نه‌خۆشخانه راكشاوه‌و شوێنه‌واری ئازاردان و برینداركردنی له لایه‌ن ئه‌و مێرده‌كه‌یه‌وه به ده‌م و چاوییه‌وه دیاره و هێشتا شوێنی ده‌ستی به گه‌ردنی ژنه‌كه‌یه‌وه جێماوه.
ئه‌و كچه هه‌فته‌یه‌ك پێش ئێستا گه‌یه‌نراوه‌ته نه‌خۆشخانه‌ی "كارڵ تیم" و تا هه‌فته‌یه‌كی دیكه‌ش له‌وێ ده‌مێنێته‌وه.
لیدیا خه‌ڵكی شاری ئیدلبی سووریایه و به په‌یامنێری رۆژنامه‌ی بێلدی ئه‌ڵمانی گوتووه "پێموابووه له‌گه‌ڵ گه‌یشتنمان به ئه‌ڵمانیا دواجار ده‌توانم به ئاشتی بژیم و خێزان درووست بكه‌م".
لیدیا پێش دوو ساڵ له‌گه‌ڵ دایك و باوكی و چوار خوشك و براكانیدا گه‌یشتبوونه شارۆچكه‌ی راینسبێرگی ویلایه‌تی براندبۆرگ، پاشان چوونه‌ته كوتبوس و ویستوویه‌تی له‌وێ ببێته پۆلیس.
به‌ڵام لیدیا كه‌سێكی به ناوی "مازن س" ناسیووه كه عه‌ره‌بی فه‌ڵه‌ستینی بووه‌و وڵاتینامه‌ی سووری هه‌بووه، زمانی ئه‌ڵمانی زانیووه، له شاری فیتشتۆك كاری له دامه‌زراوه‌یه‌كی كۆمه‌ڵایه‌تی كردووه‌و به زوویی یه‌كترییان خۆشویستووه‌و سه‌ره‌تای ئه‌مساڵ هاوسه‌رگیرییان كردووه‌و پێش هه‌فته‌یه‌ك گواستبوویانه‌وه بۆ شووقه‌كه‌ی خۆیان تا له‌وێ بژین".
به‌ڵام رۆژی سێ شه‌ممه‌ی رابردوو كاتێك كاتژمێر 12 ی نیوه‌ڕۆ هه‌ر دووكیان چوو بوون تا سه‌ر له باوكی لیدیا بده‌ن، له نێوانیاندا كێشه و شه‌ڕ درووست بووه، چونكه ئه‌و كوڕه دڵی له ژنه‌كه‌ی پیس بووه، ئه‌و كاته‌یش لیدیا ویستوویه‌تی له‌گه‌ڵ برایه‌كیدا بچێته به‌رلین بۆ ئه‌وه‌ی سه‌ردانی هاوكارێكی پێشووی بكات كه پێشتر ماوه‌ی 3 مانگ له هۆتێل پێكه‌وه كاریان كردووه‌و ئێستا نه‌خۆشه.
به‌و هۆیه‌شه‌وه كێشه درووست بووه‌و مازن ویستوویه‌تی بیخنكێنێ.
ئیستا لیدیا ده‌ڵێت جارێكی دیكه نایه‌وێت چاوی به مازن بكه‌وێته‌وه چونكه زۆری نه‌مابوو به یه‌كجاری گیان له ده‌ست بدات و هه‌موو خه‌ونه‌كانی بباته ژێر گڵه‌وه.