چەند رێگایەک بۆ کەمکردنەوەی زیانەکانی خۆڵبارین

کاریگەری خۆڵبارین لەسەر تەندروستی مرۆڤ بزانە

K24 – هه‌ولێر:

ئەمڕۆ پێنجشەممە، خۆڵبارینێکی چڕ چەند شارێکی هەرێمی کوردستانی گرتەوە و بۆئەوەش داوا لە هاووڵاتیان دەکرێت لە ماڵەکانیان بمێننەوە و لە کاتی چوونە دەرەوەش دەمامک بەکاربهێنن.

لەم راپۆرتەدا کاریگەرییە نەرێنییەکانی خۆڵبارین لەسەر تەندروستی و چۆنیەتی خۆپاراستن بزانە.

کاریگەرییەکانی خۆڵبارین

خۆڵبارین بەتایبەت کاتێک بایەکی بەهێزی لەگەڵدا بێت دەبێتە هۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆس و نەخۆشی.

بەهۆی هەڵمژینی رێژەیەکی زۆر لە تۆز و خۆڵ، ئەو کەسانەی رەبۆیان هەیە دووچاری هەناسە تووندی دەبنەوە. هەروەها ئەگەری تووشبوون بە نەخۆشییەکانی سیەسۆ و هەوکردنی سییەکان زیادتر دەبن.

 خۆڵبارین ئەگەری تووشبوون بە نەخۆشی وشکبوونەوەی چاو کە بە دەستەواژە پزیشکییەکەی بە نەخۆشی سیکا ناسراوە زیاد دەکات.

لە هەندێک حاڵەتدا، خۆڵبارین دەبێتە هۆی تێکچوونی گەدە و رشانەوە بەتایبەت بۆ ئەو کەسانەی دەمامک بەکارناهێنن.

کاتێک لە ماڵەوەی

دەرگا و پەنجەری ماڵەکەت دابخەو و پەردەکان دابەرەوە، ئەگەر خۆڵبارینەکە زیادیکرد بچۆرە ژورێکەوە کە پەنجەری تێدانییە. هەروەها سپلێت و ئەیەر کۆندیشنەرەکان بکوژێنەوە.

گەر لەناو ئۆتۆمبێل بویت

لەکاتی خۆڵبارین مەودای بینین کەم دەبێتەوە، بۆیە پێویستە هەمیشە لایتەکانت داگیرساوبن تاکو ئۆتۆمبێلەکانی دیکە بتوانن بتبینن.

پەنجەرەوە و هەواگۆڕکێی ئۆتۆمبێلەکەت دابخە و لەناو ئۆتۆمبێلەکەت مەیەرە دەرەوە.

ئامۆژگاری خۆپاراستن:

1- ئەگەر دەمامکی تایبەتت نەبوو، پارچە قوماشێکی تەڕ لە دەم و لووتت بپێچە.

2- هەرگیز عەدەسەی چاو بەکارمەهێنە.

3- چاوت مەخورێنە و لەکاتی خوران بە ئاو بیشۆ.

4- کەمێک کونە لووتەکانت بە کرێمی تایبەت یاخود ڤازەلین چەور بکە تاکو لینجە پەردەی لوتت وشکنەبێتەوە.

5- لە ماڵەوە بمێنەرەوە و تا دەتوانی مەچۆ دەرەوە.

6- گەر هەستیاریت (حەساسییەت) هەیە ئەو دەرمانانە بەکاربهێنە لە کاتی تووشبوون بە هەستیاری دەیخۆیت.

7- لە کاتی هەستکردن بە سنگ و هەناسە تووندی راستەوخۆ سەردانی نەخۆشخانە بکە.

H.J