بۆچی وەرزش دەکەیت و کێشت دانابەزێت؟

بەهۆی ئەم 7 خاڵە سەرەڕای وەرزشکردن کێشت دانابەزێت

K24 – هه‌ولێر:

ئاژانسی بێزنس ئینسایدەر لە راپۆرتێکیدا ئاماژە بۆ حەوت خاڵ دەکات کە دەبنە هۆی ئەوەی کێشت دانەبەزێت یان وابزانی دانابەزێت لە کاتی ئەنجامدانی وەرزش و بەرزکردنەوەی قورسایی. 

1- زۆر خواردن 

ئەگەرچی وەرزشکردن دەبێتە هۆی دابەزاندنی لەش، بەڵام هەندێک کەس زیاتر لەوە دەخۆن کە لە کاتی وەرزش دەیسوتێنن، ئەمەش هەوڵەکانت بۆ دابەزاندنی کێش شکستپێدێنێت.

2- کەم خواردن

رەنگە ئەمە مایەی سەرسوڕمان بێت، بەڵام کەم خواردن دەبێتە هۆی زیادبوونی کێش.

جیلیان میشێل، پسپۆڕی بواری دابەزاندنی کێش دەڵێت، ئەگەر نەتوانی کالۆری پێویست بخۆیت کاتێک وەرزش دەکەیت، لەشت دەستدەکات بە سوتانی ماسولکەکانت چونکە بەهۆی کەمی وزە دەچێتە قۆناخی پاراستنی چەوری و سوتانی ماسولکەوە.

3- نەگۆڕینی یارییەکان

ئەگەر بەردەوام چەند جۆرێک وەرزش بکەیت و دووبارەیان بکەیتەوە، ئەوا لەشت خۆی دەگونجێنێت، بەهۆیەوە زۆر بە هێواشی دەتوانی ماسولکەکانت گەورە بکەیت یاخود کێشت دابەزێنیت.

4- کێشی پێویست بەکارناهێنیت.

ئەگەرچی کاردیۆ و وەرزشە سوکەکان دەبنە هۆی دابەزاندنی کێش، بەڵام لەگەڵ ئەوەش بەرزکرنەوەی قورسایی دابەزاندنی کێش زیاتر دەکات.

بەرزکردنەوەی قورسایی دەبێتە هۆی دروستکردنی ماسولکە و دابەزاندنی چەوری بە شێوەیەکی مەودا کورت و درێژ.

5- گەورەبوونی ماسولکە

هەندێک کەس کاتێک دەچنە هۆڵەکانی وەرزش و بەرزکردنەوەی قورسایی، زۆر چاودێری کێشیان دەکەن، بەڵام دانابەزێت. هۆکاری ئەمە رەنگە بۆ ئەوە بگەڕێتەوە کە تۆ لەبری سوتانی چەند کیلۆیەک چەوری، چەن کیلۆیەک ماسولکەت دروست کردبێت.

یەک پاوەند چەوری (0.45 گرام) جێگای چوار پاوەند ماسولکە دەگرێت.

6- پشوو نەدان و نەخواردنەوەی ئاو

بەگوێرەی سایتی دەیلی بێرن، کەم خەویی دەبێتە هۆی زیاتر رژانی هۆرمۆنی برسێتی و ئەمەش وادەکات زیاتر بخۆیت.

هەروەها، کەم خەویی دەبێت هۆی رژانی هۆرمۆنەکانی فشار کە ئەوانیش دەبنە هۆی زیادبوونی ئارەزووی خواردن.

نەخواردنەوەی ئاویش هەمان کاریگەری هەیە، ئەوانەی کەم ئاو دەخۆنەوە دەتوانن لە ژەمەکان زیاتر بخۆن، بۆیە  د. شێمێک، پسپۆڕی خۆراک لە ئەمەریکا لەو بارەیەوە دەڵێت: "ئەگەر ئەمجارە برسیت بوو، یەک پەرداخ  ئاو بخۆرەوە، پاشان کەمێک بوەستە، هەست بەوە دەکەیت ئەو پەرداخە ئاوە چەندە هەستی برسێتی کەمکردووە".

7 - سووڕی مانگانە

لەکاتی سووڕ مانگانە، خانمان بە شێوەیەکی کاتی ئەگەری هەیە کێشییان زیاد بکات، بەڵام ئەمە دوای تەواوبوونی سوڕەکە، کاریگەری نامێنێت.

H.J