سێ ژن تره‌مپ به گێچه‌ڵ و ده‌ستدرێژى سێكسى تۆمه‌تبار ده‌كه‌ن
K24 – هه‌ولێر:
سێ ئافره‌تی ئه‌مه‌ریكی دوای تێپه‌ڕبوونی زیاتر له ساڵێك به‌سه‌ر ئیداره‌كه‌ی تره‌مپدا، په‌نجه‌ی تۆمه‌تی ده‌ستدرێژی سێكسی بۆ دۆناڵد تره‌مپی سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا درێژ ده‌كه‌ن و داوایان له كۆنگرێسی ئه‌مه‌ریكا كرد، دۆسیه‌ی لێكۆڵینه‌وه له كه‌یسه‌كانیاندا بكاته‌وه.
پێشتریش ئه‌و 3 ئافره‌ته كه ته‌مه‌نیان له‌نێوان 30 بۆ زیاتر له 70 ساڵه، له‌كاتی هه‌ڵمه‌تی هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆكایه‌تی ئه‌مه‌ریكادا له ساڵی 2016 بابه‌تی گێچه‌ڵى تره‌مپ بۆ سه‌ر خۆیان ئاشكراكردبوو.
هه‌روه‌ها دوو له‌و ئافره‌تانه‌ش له به‌رنامه‌ی به‌یانی كه‌ناڵی ئێن بی سی، باسی گێچه‌ڵى تره‌مپیان كردبوو، كه له وه‌ڵامدا كۆشكی سپی رایگه‌یاندبوو، ئه‌مانه تۆمه‌تی هه‌ڵبه‌ستراون و له راستیيه‌وه دوورن.
ریچل كروكس باس له ورده‌كاری گێچه‌ڵى تره‌مپ له ساڵی 2005 ده‌كات، كه ئه‌وكات كروكس له ته‌مه‌نی 22 ساڵیدا بوو، كاتێك كه كارمه‌ندی پێشوازی بووه له باڵه‌خانه‌كه‌ی تره‌مپ و به‌بێ ره‌زامه‌ندی خۆی تره‌مپ ده‌ستدرێژی سێكسی كردووه‌ته سه‌ری.
وه‌ك كروكس ئاماژه‌ی پێده‌كات، ئه‌وكات وا هه‌ستی كردووه كه هه‌ڕه‌شه‌ی مه‌ترسیداری له‌سه‌ره و جگه له ملكه‌چبوون هیچ رێگه‌چاره‌یه‌كی دیكه‌ی نه‌بووه.
هه‌روه‌ها گوتی: "داوا له ئه‌ندامانی كۆنگرێس ده‌كه‌م، ئینتیما سیاسییه‌كانیان به‌لاوه بنێن و به‌دواداچوون بۆ مێژووی ئه‌و تاوانه بكه‌ن كه تره‌مپ به‌رامبه‌ر به‌وی ئه‌نجامداوه".
لای خۆیه‌وه جێسیكا لیدزیش كه قوربانیه‌كی دیكه‌ی خواسته سێكسیه‌كانی تره‌مپه گوتی: له‌گه‌شتێكدا تره‌مپ له‌ناو فڕۆكه به‌بێ ره‌زامه‌ندی ئه‌و به‌درێژایی گه‌شته‌كه هه‌وڵیداوه ده‌ست بۆ زۆربه‌ی ئه‌ندامانی له‌شی ببات و وه‌ك خۆی ئاماژه‌ی پێده‌كات، دواجار ماچیشی كردووه.
سمانسا هۆلفیش سێیه‌م قوربانی ده‌ستی غه‌ریزه‌كانی تره‌مپ بووه و ده‌ڵێت: له‌كاتی به‌شداریكردنم له پێشبڕكێی شاجوانی ئه‌مه‌ریكادا، كه ته‌رمپیش تێیدا ئاماده بوو، به به‌رده‌وامی تره‌مپ سه‌ردانی پاڵێوراوانی ئه‌و پێشبڕكێیه‌ی ده‌كرد و به‌چاوێك سه‌یری ئه‌وانی ده‌كرد، كه وه‌ك پارچه گۆشتێكی بر‌ژاو ده‌هاتنه پێش چاوی تره‌مپ.