پیاوێك بۆ وه‌رگرتنی قه‌ره‌بووی دڵنیایی ژنه‌كه‌ی ده‌خنكێنێت

بڕه‌كه‌ی چوار ملیۆن دۆلاره‌

K24 - هه‌ولێر:

پیاوێكی چینی، له‌ میانی به‌سه‌ربردنی گه‌شتێكدا، هاوسه‌ره‌كه‌ی له‌ناو مه‌له‌وانگه‌ی ئه‌و خانووه‌دا ده‌خنكێنێت كه‌ بۆ مانه‌وه‌ی به‌كرێیان گرتووه‌، ئه‌وه‌ش له‌ پێناو وه‌رگرتنی پاره‌ی قه‌ره‌بووی دڵنیایی، كه‌ بڕه‌كه‌ی چوار ملیۆن دۆلاره‌.

رۆژنامه‌ی "ساوس چاینا مۆرنینگ پۆست"ی چینی بڵاویكردووه‌ته‌وه‌، هاووڵاتییه‌كه‌ ناوی "چانگ ییڤان"ـه‌ و دانیشتووی شاری تیانجینه‌، ماوه‌ی چه‌ند مانگێكه‌ پلان بۆ ئه‌و كاره‌ی داده‌نێت.

پێشتر ئه‌و پیاوه‌، له‌ كۆمپانیای دڵنیایی گرێبه‌ستێك به‌ واژۆی ساخته‌كراو بۆ هاوسه‌ره‌كه‌ی ده‌كات، دواتریش گه‌شتێك بۆ دوورگه‌ی فوكێتی وڵاتی تایلاند ده‌كه‌ن.

دوای چه‌ند رۆژێك له‌ گه‌یشتنیان به‌ تایلاند و شوێنه‌ گه‌شتیارییه‌كان، پیاوه‌كه‌ هه‌واڵی مردنی هاوسه‌ره‌كه‌ی راده‌گه‌یه‌نێت و به‌ باوكی خێزانه‌كه‌ی ده‌ڵێت كه‌ له‌ مه‌له‌وانگه‌ی خانووه‌كه‌دا خنكاوه‌، به‌ڵام باوكی ژنه‌كه‌ باوه‌ڕ ناكات، چونكه‌ كچه‌كه‌ی مه‌له‌وانێكی لێزان بووه‌.

بۆیه‌ دواتر باوكی ژنه‌كه‌ سكاڵا له‌سه‌ر هاوسه‌ری كچه‌كه‌ی تۆمار ده‌كات و تۆمه‌تی ساخته‌كاری ده‌داته‌ پاڵ و داوا ده‌كات ره‌وانه‌ی چین بكرێته‌وه‌، له‌ چینیش دادگایی ده‌كرێت و تۆمه‌ته‌كه‌ی به‌سه‌ردا ساخده‌كرێته‌وه‌ و سزای له‌ سێداره‌دانی بۆ ده‌رده‌چێت.

به‌ گوێره‌ی رۆژنامه‌ چینییه‌كه‌، ره‌نگ بوو ئه‌گه‌ر ساخته‌كارییه‌كه‌ی ئه‌و پیاوه‌ سه‌ریگرتبا، بڕی 30 ملیۆن یوانی چینی (4 ملیۆن دۆلار) وه‌ك قه‌ره‌بووی ژیانی هاوسه‌ره‌كه‌ی، له‌ كۆمپانیای دڵنیایی وه‌ربگرێت، به‌ڵام له‌ كاتی لێكۆڵینه‌وه‌دا دانی به‌ تاوانه‌كه‌یدا ناوه‌.

پیاوه‌كه‌ له‌ دانپێدانانه‌كه‌یدا له‌ باره‌ی كوشتنه‌كه‌ی ئاشكرای كردووه‌، سه‌ره‌تا لێیداوه‌، دواتریش سه‌ری خستووه‌ته‌ ژێر ئاو بۆ ئه‌وه‌ی نه‌توانێت هه‌ناسه‌ بدات.

هۆكاره‌كه‌شی بۆ ئه‌وه‌ گه‌ڕاندووه‌ته‌كه‌ كه‌ نه‌یویستووه‌ چیدیكه‌ له‌گه‌ڵ بژی.

ئ. م