هەڵوەستەیەک لەسەر بەیاننامەی ئەنجومەنی سەرکردایەتی یەکێتی

Kurd24

چەند ساڵی رابردوو، هەرێمی کوردستان رووبەڕووی زۆر مەترسی ناوخۆیی و دەرەکی  بووتەوە، کە کاریگەرییان لە سەر دۆخی ناوخۆی هەرێم هەبووە. بەم دواییەش سەرهەڵدانی  پەتای کۆرۆنا و قەیرانی دارایی، لە دەرنجامی داڕمانی نرخی نەوت و کەمبوونەوەی داهاتە ناوخوییەکان، بە هۆی سەپاندنی قەدەغەی هاتووچۆ، ئەوەندەی دیکە بارودۆخەکەی قوڕستر کرد.
لەم دۆخە ناهەموارەدا، لە هەموو لایەنە سیاسیەکانی هەرێمی کوردستان چاوەڕوان دەکرا، بە لەبەرچاوگرتنی ئەزموونەکانی رابردوو، هەوڵبدەن هاوھەڵوێستی و تەبایی لە نێوان ھەموو پێکھاتە و لایەنەکان زامن بکەن و بە هاوبەشی شان بدەنە بەر بەرپرسیارەتی، ئەمەش وەک باشترین رێگە بۆ تێپەڕاندنی ئەم قۆناغە سەختە، چونکە ئەزموونەکانی پێشوو، سەلماندویانە ھەر کاتێک هێزە سیاسییەکان (بە تایبەت پارتی و یەکێتی، وەک دوو هێزی سەرەکی کوردستان) ستراتیژێکی ھاوبەشیان بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئالنگاریەکان هەبووبێت، دەستکەوتی باش بۆ گەل و نیشتمان بەدەست ھاتوون، بە پێچەوانەشەوە راستە.
بەڵام ئەوەی لەم دۆخە سەختە دەبینرێت، دوورکەوتنەوەی لایەنە سیاسییەکان، بە تایبەت (پارتی و یەکێتی)یە لە یەکتر. لە رابردوودا، پەیوەندی نیوان هەردوو لایەن لە سەر چەند بابەتێک، وەک چوونی هێزی پێشمەرگەی سەر بە وەزارەتی پێشمەرگە بۆ زینی وەرتێ، کەیسی رادەستکردنەوەی مستەفا سەلیمی بە ئێران،  تاڕادەیەک گرژ ببوو، بەم دواییەش لە سەر بابەتی ھەڵگرتنی پارێزبەندی لەسەر سۆران عومەر بۆ ئامادەبوون لە بەردەم دادگا، گرژییەکە زیاتر بوو. یەکێتی بەو هەنگاوە یاساییە  قەڵس بووە و تەنانەت ئەو بابەتەی کردە بیانوویەک بۆ هەڵوەشاندنەوەی ئەو کۆبوونەوەی بڕیار بوو لە گەڵ پارتی لە ‪٥/۹‬  ئەنجامی بدات. بە تەواوی روون نییە هۆکار چییە، یەکێتی لە سەر ئەو بابەتە  هەڵوێستی توندە، چونکە ئەو بابەتە پرۆسەیەکی سرووشتی دیموکراسییە و لە زۆر شوین و تەنانەت لە (عێراق)یش کە زۆر جار خوزگە بە ئەزموونەکەی دەخوازن، چەندین جار  پرۆسەی وەرگرتنەوەی متمانە لە ئەندامانی ئەنجومەنی نوێنەران جێبەجێکراوە، بێ ئەوەی ھیچ کاردانەویەکی سیاسی بە دوای خۆیدا ھێنابێت. لە دوا کۆبوونەوەی سەرکردایەتی (یەکێتی)یش بەیاننامەیەکیان سەبارەت بەو بابەتە و چەند بابەتێکی دیکە بڵاوکردەوە، کە شایانی هەڵوەستە لە سەر کردنە، لەم روویەوە:
١-بەیاننامە دانیشتنی پەرلەمان بۆ هەڵگرتنی پارێزبەندی لە سەر ئەندام پەرلەمان، بە "پێشھاتێکی مەترسیدار" لە قەڵەم دەدات. خۆی لە خویدا، وشەی "مەترسیدار" وشەیەکی ناڕوون و لاستیکییە و شیکردنەوەی جیاواز ھەڵدەگرێت. دیار نییە مەبەستیان لە مەترسیدار چیە، ئایا پرۆسەکە بە مەترسی لە سەر دیموکراسی، یان  بە وتەی خۆیان لە سەر یەکڕێزی نیشتمانی دادەنێن؟.
سەبارەت بە بابەتی دیموکراسیبوونی دانیشتنی پەرلەمان، لە هەموو بارێکدا، پرۆسەکە بە تەواوبوونی رێژەی یاسایی و بە زۆرینەی دەنگی  ئامادەبووانی کۆبوونەوەکە تێپەڕیووە. یەکێک لە پرەنسیپەکانی دیموکراسی ھەڵبژاردنە، لە پەرلەمانیش پێوەری دەنگی زۆرینە بۆ هەر پرۆسەیەک، بریتییە لە هەژمارکردنی ژمارەی دەنگی ئەو ئەندام پەرلەمانانەی دەنگ بە پڕوژە یاسایەک دەدەن، نەک ژماردنی ئەو دەنگانەی پەرلەمانتاران لەکاتی هەڵبژاردن، بە دەستیان هێناوە، کەواتە لە سەر ئەم بنەمایە، ئەوەی لە پەرلەمان پەسند کرا، بە تەواوی لە گەڵ دیموکرسی یەکانگیرە. لە لایەکی دیکە، بابەتی هەڵگرتنی پارێزبەندی لە پەرلەمانتار  رەھەندی نیشتمانی نییە، تاکو مەترسی بێت لە سەر یەکڕێزی نیشتمانی، چونکە هەڵگرتنی پارێزبەندی لە سەر هەر ئەندام پەرلەمانێک، رێکارێکی کاتیە بۆ ئەوەی دادگا بتوانێت رێکارە یاسایەکان جێبەجێ بکات و بڕیار لە سەر کەیسەکە بدات. یاساکانیش هەر ئەو یاسایانەن، کە لە پەرلەمان دەرچوونە، ناڕەزایەتی سەبارەت بە داواکردن بۆ ئامادەبوونی پەرلەمانتارێک لە بەرامبەر ئەو یاسایانەی لە لایەن ئەندامانی پەرلەمان دەردەچن و  هەر خویان چاودێرن لە سەر جێبەجێکردنی، بە بانێک و دوو هەوا لە قەڵەم دەدرێت. دەتوانرێت بووترێت ھەڵوێستی سیاسی لایەنەکانی دەرەوەی ئەو دانیشتنەی پەرلەمان دەبێتە مەترسی لە سەر دیموکراسی و یەکڕێزی نیشتمانی و پرەنسیپی زۆرینە و کەمینە لە ناو پەرلەمان. پێویستە ئەو لایەنانەش بابەتی هەموارکردنەوەی یاسای سەرۆکایەتی ھەرێم لە٢٣ی حوزەیرانی ٢۰۱٥ لە بیر نەکەن، لە کاتێکدا داعش مەترسیەکی گەورە بوو لەسەر هەرێمی کوردستان و پرسەکە رەهەندی نیشتمانی هەبوو، کەچی ئەوان پێداگربوون لە سەر دانیشتنی پەرلەمان لە سەر ئەو بابەتە، بە بێ لە بەرچاوگرتنی رای لایەنێکی گرنگی وەک پارتی، سەرەڕای داوای نۆینەرانی وڵاتانی ئەمەریکا و بەریتانیا و رێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان، داوایان لێکرا چەند رۆژێک دەرفەت بدەن تا بە لە یەکتێگەیشتن کێشەکە چارەسەر بکەن، لێ ئەوان رەتیانکردەوە و جەختیان لە سیستەمی پەرلەمانی و  زۆرینەی پەرلەمانی دەکردەوە، کەچی ئێستا هەر خۆیان دژی پەرلەمان و بڕیاری زۆرینەی پەرلەمانی وەستاون. ئەگەر نمونەیەکی نزیکتریش باس بکەین و بپرسین: ئایا یەکێتی لە دانیشتنی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی لە سەر بابەتی لامەرکەزیەتی ئێداری، کە رەھەندێکی نیشتمانی ھەیە، حیسابی بۆ پارتی کردووە؟.
٢-وشەی"تێوەگلاندن"ی کۆتاکان، وەک ئەوەی لە نێۆ بەیاننامەکەدا ھاتووە، لە رووی سیاسییەوە نەشیاوە و لە رووی یاساییەوە، جێگای ھەڵوەستەیە. مەبەست زیاتر باسکردنی رەهەندی یاسایی بەکارهێنانی ئەو دەستەواژەیەیە لە بەرامبەر کەمە نەتەوەکان. لە سیستمی نێودەوڵەتیدا، دوو بۆچوون بۆ پاراستنی مافی کەمینەکان ھەیە، یەکەم لەسەر ئەم بڕوایەیە، کە پێویستە دیموکراسی بەھێز بکرێت و ماف و ئازادی تاک بپارێزرێت، لەو رێگەیەشەوە بە شێوەیەکی ئۆتۆماتیکی مافی کەمینەکان دەپارێزرێت، بەڵام بۆچونی دووەم لەو باوەڕە دایە، ئەم شێوازە گەرەنتی مافی کەمینە ناکات و زیاتر تەرکیز لە سەر تاک دەکاتەوە، پێیانوایە کەمینە پێکهاتە و گروپێکن، تایبەتمەندی خۆیان ھەیە و دەبێ دەوڵەت بۆ زامنکردنی مافەکانیان دەستێوەردانی ئەرێنی بکات، کە بە زمانی ئینگلیزی پێیدەڵێن  positive interferences to protect minorities، هەروەها ئەو رایە پێیوایە، ئەگەر تەنیا بە پێوەری زۆرینە و کەمینە لەگەڵ پێکهاتەکان ھەڵسوکەوت بکرێت، ئەوا زۆرینە بە ئاسانی مافیان پێشێل دەکات، بۆیە پێویستە مافەکانیان لە دەستوور زامن بکرێت. ئەم روانگەیە لە کوردستان و زۆربەی وڵاتانی خاوەن کەمینە ئایینی و نەتەوەییەکان، جێبەجێ دەکرێت، ھەرچەندە تا ئێستا ئێمە خاوەن دەستوور نین. ئەو کورسیانەی لە پەرلەمانی کوردستان وەک کۆتا بۆ پێکهاتەکان دیاریکراون، بە رەزامەندی پارتی و یەکێتی دانراون، پارتی لە خولەکانی پێشووی پەرلەمان زۆرینەی رەھای نەبووە، تا بە حەزی خۆی ژمارەی کورسییەکان دابنێت، کەواتە ناڕەزایەتی ئێستای یەکێتی لە سەر بابەتی دەنگدانی پێکهاتەکان بۆ مەسەلەی هەڵگرتنی پارێزبەندی لە سەر ئەندام پەرلەمانێک، جێگای سەرسوڕمانە، چونکە تۆ کرۆکی بابەتێکت قەبووڵ کردبیت، پێویستە کۆی بابەتەکەت قەبووڵ بێت، واتە مادام رازی بووی کەمینە بێتە ناو پەرلەمان، دەبێ رەزامەندیش بدەیت پەرلەمانتاری کەمینە، مومارسەی مافەکانی خۆی وەک ئەندامی پەرلەمان بکات. ئەندام پەرلەمانی کەمینە ئازادە، ھاوپەیمانی لەگەڵ ھەر لایەنەک بکات، وەک ھاووڵاتی کوردستان مافی ئەوەی ھەیە بیروڕای خۆی لە سەر ھەموو بابەتەکانی کوردستان دەرببڕێت. تومەتبارکردن و هێرشکردنە سەر کەمینەکان بە هۆی مومارسەکردنی مافی ڕەوای دیموکراسی خویان، لە لایەن حزبێکی سوشیال دیموکرات، دوورە لەو پرەنسیپانەی ئیدیعای بۆ دەکات. بەکارهینانی چەمکی "تێوەگلاندن"  بەبێ بەڵگە بە شێوەیەک لە ئیھانە و تۆمەتبار کردنی پێکهاتەیەکی گرنگ دەژمێردرێت، چونکە ھیچ لایەنەک ناتوانێت ١١ ئەندام پەرلەمان پێکەوە ناچار بکەن، بەدەر لە ویستی خویان، بۆ بەرژەوەندی لایەنێک دەنگ بدەن. 
٣ - لە خاڵێکی تری بەیاننامەکە هاتووە، بە ھەماھەنگی و راوێژ لە گەڵ لایەنە سیاسییەکان ھەڵوێستی ھاوبەش گەڵاڵە بکرێت بۆ رێگری لە تاکڕەوی. ئەمە بابەتێکی یاساییە و پێویست بە ھەڵوێستی سیاسی ناکات، ئامادەنەبوونی ئەو لایەنانە لە دانیشتنی پەرلەمان، خۆی لە خۆیدا، ھەڵوێستێکی یاساییە و تا رادەیەکیش رەھەندی سیاسیشی ھەیە، لە زۆربەی ئەو شوێنانەی دیموکراسی تێدا بەرقەرارە، ئەمە باو نییە مەکتەب سیاسییەکان، ھەڵوێست وەرگرن، بەڵکو لە رێگەی فراکسیونەکانیان لە پەرلەمان ھەڵوێست وەردەگیرێت، ئەم ھەڵوێستە سیاسیەی ئەنجومەنی سەرکردایەتی یەکێتی، کەمکردنەوەی جێگە و پێگەی پەرلەمان و ئەندام پەرلەمانەکانی خۆیانە. پێناسەی تاکڕەوی ئەوەیە، لایەنێک بە بێ ھەبوونی زۆرێنە لە رێگەی ھێز خۆی بسەپێنیت، بەڵام ئەوەی لە پەرلەمان ئەنجام دراوە، بە پێی پرەنسیپی زۆرینەی پەرلەمانی لە رێگەی پرۆسەیەکی دیموکراسی بووە.
٤ - بەیاننامەکە سەبارەت بە کونتڕوڵکردنی پەتای کۆرونا، دەستخۆشی لە ئیدارە خۆجێییەکان دەکات، بێ ئەوەی ناوی حکومەتی ھەرێمی کوردستان بێنێت، وەک ئەوەی حکومەتی هەرێم هیچ رۆڵی لەو بابەتە نەبووبێت. ئەمە لە کاتێکدایە بە شایەتی پسپۆرانی بیانی و ناوخۆیی، رێکارەکانی حکومەتی هەرێم  تا ئێستا بە یەکێک لە سەرکەوتوترین نموونەی بەرەنگاربوونەوەی پەتای کۆرۆنا دادەندرێت. ئایا ئاماژە نەدان بە رۆڵی حکومەتی هەرێم تەنها لە بەر ئەوەیە پارتی سەرۆکایەتی حکومەتی بەدەستە؟ یەکێتی لە بیری کردووە بە کردەوە یەکێکە لە بەشدار بووە سەرەکییەکانی ئەو حکومەتە و بە گوێرەی بەشدارییەکەی پشکی لە چاکە و خراپییەکانی حکومەت هەیە؟.
٥- لە بەیاننامەکەدا پرسی لامەرکەزیەتی ئیداری وەک خواستێکی میللی و گشتگیری سەرتاسەری ھەرێمی کوردستان لێکدراوەتەوە و بە پێویست دەزانرێت ھەرچی زووە بچێتە واری جێبەجێکردن. ئەو دەربڕینە، ئەوە بەبیر یەکێتی دێنێتەوە، نەک لە سەرتاسەری کوردستان، بەڵکو لە سنووری پارێزگای (سلێمانی)یش زۆرینە نییە، تاکو بتوانێت بە نوینەراتی خەڵکی کوردستان قسە بکات. ئەم بەیاننامەیە، تەنیا گوزارشت لە بیروڕای یەکێتی، یان تەنانەت بەشێکی یەکێتی دەکات. هەروەها مادەم لە خاڵەکانی دیکەی بەیاننامەکە باس لە پرۆسەی دیموکراسی و رێگری لە سەپاندنی تاکڕەوی کراوە، دەبێ ئەوەیان لە بیر بووایە، باسکردن و پەسەندکردنی پرسی لامەرکەزییەتیش، پێویستە بە رێڕەوە یاساییەکان دا تێپەڕ ببێت و لە رێگەی دامودەزگای فەرمی، زەمینەی بۆ فەراهەم بکرێت. لە سیستەمی دیموکراسیدا، حزب ئەمر بە حکومەت ناکات، بۆیە باشتر بوو لە جیاتی وشەی "پێویستە" ئاماژەیان بەوە کردبووایە، لە رێگەی نوێنەرەکانیان لە پەرلەمان و حکومەت، ھەوڵ بۆ جێبەجێکردنی لامەرکەزی دەدەن.

* دکتورا لە مافەکانی مروڤ.