قازى "جه‌يشى ئيسلام" گه‌يشته‌ توركيا و ريشى تاشى

بڵاوبوونه‌وه‌ى وێنه‌كه‌ى له‌ تۆڕه‌ كۆمه‌ڵايه‌تييه‌كان بووه‌ته‌ جێى سه‌رنجى به‌كارهێنه‌ران

K24 – هه‌ولێر:

قازى ميليشياى "جه‌يشى ئيسلام"، (زينه‌ددين عابدين) دواى ئه‌وه‌ى له‌ ناوچه‌ى (دوما)ى (غوته‌ى خۆرهه‌ڵات)ه‌وه‌ گه‌يشته‌ توركيا، ريشى كورت كرده‌وه‌. بڵاوبوونه‌وه‌ى وێنه‌كه‌ى له‌ تۆڕه‌ كۆمه‌ڵايه‌تييه‌كان بووه‌ته‌ جێى سه‌رنجى به‌كارهێنه‌ران.

به‌شێك له‌و به‌كارهێنه‌رانه‌ى قسه‌يان له‌سه‌ر وێنه‌كه‌ كردووه‌، نووسيويانه‌: "ئه‌م پياوه‌ فه‌رمان و رێنماى شه‌رعى ده‌رده‌كرد. له‌ ناوچه‌ى غوته‌ راوه‌دووى خه‌ڵكى ده‌نا له‌سه‌ر جگه‌ره‌ كێشان و كورتكردنه‌وه‌ى ريش و ديارييه‌كانى رۆژى خۆشه‌ويستى و حيجاب و تێكه‌ڵى.. ئێستاش به‌و ئاسانييه‌ ريشى خۆى كورت كردووه‌ته‌وه‌ و ئاماده‌يه‌ شه‌ريعه‌ته‌كه‌ى بفرۆشێت".

به‌كارهێنه‌رێكى ديكه‌ نووسيويه‌تى: "هيچ پێتان سه‌ير نه‌بێت، سبه‌ى رۆژ رێكخراوێكى تايبه‌ت به‌ به‌رگريكردن له‌ مافه‌كانى ئافره‌ت بكاته‌وه‌ و داواى كۆمه‌ك له‌ ئه‌وروپاييه‌كان بكات".

ميليشياى "جه‌يشى ئيسلام" يه‌كێكه‌ له‌ ميليشيا توندڕه‌وه‌كانى به‌رهه‌ڵستكارى رژێمى (به‌شار ئه‌سه‌د)ى سه‌رۆكى سووريا و له‌ لايه‌ن توركياوه‌ پشتيوانى و هاوكارى ده‌كرێن.

 سه‌رچاوه‌: رووسياليه‌وم

ئ.ر