به‌هۆی ئیڤانكا تره‌مپه‌وه.. هه‌ژاری له هیندستان تاوانه
K24 - هه‌ولێر:
ده‌سه‌ڵاتدارانی شاری حه‌یده‌ر ئاباد، له باشووری هیندستان، فه‌رمانێكی تایبه‌تییان به قه‌ده‌غه‌كردنی سواڵكردن ده‌ركردووه له شوێنه گشتییه‌كان، ئه‌مه‌ش له چوارچێوه‌ی ئاماده‌كارییه‌كانه بۆ هاتنی ئیڤانكا تره‌مپ و به‌شداریكردنی له لووتكه‌ی گه‌شه‌پێدانی بازرگانی.
ئیڤانكا، كچی سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا، هاوڕێ له‌گه‌ڵ ناریندرا مۆدی، سه‌رۆك وه‌زیرانی هیندستان و ژماره‌یه‌ك سه‌رۆكی دیكه، به شداری له لووتكه‌ی "گڵۆباڵ ئینته‌رپرۆنۆرشیپ" ده‌كه‌ن، كه بڕیاره كۆتایی ئه‌م مانگه له حه‌یده‌ر ئاباد ساز بكرێت.
بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش، پۆلیسی شاره‌كه، فه‌رمانێكی تایبه‌تی به ده‌ركردن و ده‌ستگیركردنی سواڵكه‌ران ده‌ركردووه، به تایبه‌تیش ئه‌گه‌ر كێشه بۆ هاتووچۆی گشتی درووست بكه‌ن، یان ببنه هۆی مه‌ترسی بۆ سه‌ر پۆلیس و هێزه ئه‌منییه‌كان له ماوه‌ی به‌ڕێوه‌چوونی كۆڕبه‌نده‌كه.
به گوێره‌ی بڕیاره‌كه‌ش، سواڵكردن له شاره‌كه قه‌ده‌غه‌كراوه و تا 1ی كانوونی دووه‌م/ یه‌نایه‌ری داهاتوو، هیچ سواڵكه‌رێك بۆی نییه له‌ناو شار بگه‌ڕێت، به پێچه‌وانه‌وه دووچاری گرتن و سزادان و ته‌نانه‌ت پێبژاردنیش ده‌بێته‌وه و وه‌ك تاوانێك چاوی لێده‌كرێت.
به‌رپرسێكی باڵای پۆلیسی شاره‌كه‌ش رایده‌گه‌یه‌نێت، ئه‌و رێكارانه بۆ بنبڕكردنی دیارده‌ی سواڵكردنه و پێویست ناكات به سه‌ردانه‌كه‌ی ئیڤانكا تره‌مپ ببه‌سترێته‌وه، روونیشی ده‌كاته‌وه بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش چه‌ندین بنكه‌ی تایبه‌تییان بۆ دووباره ده‌ستپێكردنه‌وه‌ی ژیانی ئاسایی بۆ سواڵكه‌ران، كردووه‌ته‌وه.