چەكدارانی حەشدی شەعبی لە خورماتوو مزگەوتێك داگیر دەكەن
K24 - خورماتوو
چەكدارانی گرووپی عەسائب ئەھلولحەقی سەر بە ھێزەكانی حەشدی شەعبی لە خورماتوو مزگەوتێك داگیر دەكەن كە پێشتر لە رێككەوتنی پێشمەرگە و حەشد ھێزی ھاوبەشی لێ جێگیر كرابوو، ھاووڵاتیانی شارۆچكەكەش داوا دەكەن مزگەوتەكە چۆڵ بكەن و پشێوی لە ناوچەكە دروست نەكەن.
عەقید كاوە شێخانی، فەرماندەی ھێزە ھاوبەشەكانی خورماتوو بە كوردستان24 راگەیاند: "ھێزێکی زۆری عەسائب ئەھلولحەقی بەچەك و تەقەمەنی زۆرەوە مزگەوتی وەھابییان داگیکردووە لە خورماتوو داگیر كردووە، ئەمەش نیگەرانی ھاووڵاتیان و ھێزە ئەمنییەكانی شارەكەی لێكەوتووەتەوە، داوا دەكرێت ئەو مزگەوتە چۆڵ بكەن و پشێوی لە ناوچەكە دروست نەكەن".
گوتیشی: "مزگەوتی وەھاب، گەورەترین مزگەوتی قەزای خورماتووە، ساڵێك لەمەوبەر بە رێكکەوتنی نێوان پێشمەرگە و حەشدی شەعبی ھێزێکی ھاوبەشی لێ جێگیرکرا ، لە ھەردوو ھێزی پێشمەرگەی بەرگری وفریاکەوتن و فیرقەی ئیمام عەلی قیتالی، چەند مانگێك پێش ئێستا بە رێككەوتن ئەو شوێنە چۆڵكرا، بەڵام شەوی رابردوو ھێزێكی عەسائب ئەھلولحەقی بە بێ ئاگاداری پێشمەرگە گەڕاوەتەوە ئەو مزگەوتە و داگیریان كردووە".
راشیگەیاند: "بەشێك لەو چەكدارەكانی ئەو ھێزە لە بەغدا ھێنراون، لە ئێستادا ھەوڵدەدرێت بۆ چارەسەر كردنی ئەو كێشەیە و رەواندنەوەی ئەو گرژییەی بەھۆی ھاتنی ئەو ھێزە لە خورماتوو دروست بووە".