ھۆشداری لە دۆخی كەركووك دەدرێت

به‌شێكی لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان لە دۆخی شارەكە ناڕازین
kurdistan24.net

K24 - كەركووك

لایەنە سیاسییە کوردییەکان له‌ كه‌ركووك یه‌ك لە دوای یەك بە فەرمی ناڕازیبوونی خۆیان لە دۆخی كەركووك دەردەبڕن و هۆشداری دەدەن لە تێکچوونی دۆخی کەرکووك. دوای یەکێتی بزووتنەوەی گۆڕان و چه‌ند حزبێکی دیکەش پەیام ئاراستەی ده‌سه‌ڵاتدارانی عێراق دەکەن و دەڵێن، ئەم دۆخەی کەرکووك قبووڵ ناکرێت، داواکاری سەرەکی هێزە سیاسییەکان بریتیە لەگەڕانەوەی پێشمەرگە و ئاسایش بۆ کەرکووك، کە ئەم داوایەش لای زۆرینەی حزبە سیاسییەکانی عەرەب و تورکمانی ئەو شارە رەتدەكرێتەوە.

گەڕانەوەی هێزەکانی پێشمەرگە بۆ کەرکووك و پێکهێنانی ژوورێکی هاوبەش بۆ هێزە ئەمنییەکان ئێستا بووەتە داخوازی زۆربەی هێزە سیاسییەکان. لایەنەكان خراپی دۆخی ئەمنی کەرکووك بەگوێی حکوومەتی ناوەندی عێراق دەدەن.

بەپێی ئاماژەكان، پێناچێت هەڵوێستە سیاسییەکان تەنها لە چوارچێوەی بەیاننامە و کۆنگرەی رۆژنامەوانیدا بمێنێتەوە، بزووتنەوەی گۆڕان لەدوای روواوەکانی 16 ئۆکتوبەر، یەكەم پەیام لەبارەی خراپی دۆخی شارەكە رادەگەیەنێت.

مەلا فەرمان محەمەد، ئەندامی چڤاتی نیشتیمانی بزووتنەوەی گۆڕان لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا راگەیاند: "ئەگەر دۆخی كەركووك بەمشێوەیە بڕوات زیاتر تێكدەچێت، یەكێك لە ھۆكارەكانیش ئەوەیە ھێزێك ھاتووەتە شارەكە راستە ھێزێكی عێراقییە، بەڵام ھێزێكی نامۆیە بە ناوچەكە و خەڵكەكەی".

گوتیشی: "بە بڕوای ئێمە چارەسەركردنی كێشەكە و ئاسایی كردنەوەی دۆخی كەركووك ئەوەیە، ھێزێكی ھاوبەش لە ھێزەكانی عێراق و ھێزی پێشمەرگە پێكبھێندرێت و كەركووك بپارێزن".

دۆخی ئەمنی و سیاسی کەرکووك گەشتووەتە ئاستێك، کە هێزە سیاسییە کوردییەکان هەرچەندە پێکەوە ناکۆکن، بەڵام یەك بۆچوونیان هەیە و هەموویان هاتونەتە یەك سەنگەر، وەلێ هێشتا نەیانتوانووە پێکەوە بڕیارێکی هاوبەش بدەن لەسەر ئایندەی شارەکە.

حەسەن بارام، ئەندامی ئەنجوومەنی هاوپەیمانی بۆ دیموکراسی و دادپەرەری دەڵێت: "كاتی ئەوە ھاتووە فشاری مەدەنی و سیاسی بۆسەر حكوومەتی عێراق دروست بكرێت، بۆ ئەوەی ھێزی ھاوبەش لە كەركووك دروست بكرێت، چونكە ھێزی پێشمەرگە ئەزموونی ھەیە لە شەڕی داعش، ھەستدەكەین بۆشایی ئەمنی و سەربازی لەشارەكە دروستبووە، تا ھێزی پێشمەرگە و ئاسایش لە كەركووك بوون، داعش نەیدەتوانی لە سنوورەكان دزە بكات".

گوتیشی: "دەبێ كورد بەردەوام بێت لە فشارخستنە سەر حكوومەتی عێراق و پێویستە لایەنە سیاسییەكان لە كۆمەڵێك بابەت یەكدەنگ و ھاوھەڵوێست بین، لەبەر خاتری نیشتمان و گەلەكەمان".

لایەنە کوردییەکان مەبەستیانە لە پێکهێنانی حکوومەتی نوێ عێراقدا، پرسی یەکلایی کردنەوەی ناوچەدابڕاوەکان بخرێتە ئەولەویەتی کاری هێزە سیاسییەکانەوە، چونکە ئێستا هەموو لایەك بە دەنگی بەرز دەڵێن، ئەگەر دۆخی ئەمنی و سیاسیی بەم شێوە بەردەوام بێت ئەوە ئەگەر تەقینەوەی دۆخەکە دەکرێت.

ھ.م