ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران ئه‌نجامی دانووستانی هه‌ولێر و به‌غدا تاوتوێ ده‌كات

گفتوگۆکردن دەربارەی دۆخی کارەبا و کێشە و ئاستەنگەکانی

K24 – هه‌ولێر:

ئەمڕۆ چوارشەممە 2019/12/4 ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بە سەرپەرشتی مەسرور بارزانی سەرۆکی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و به‌ ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیران کۆدەبێتەوەو چه‌ند پرسێكی گرنگ تاوتوێ ده‌كات و له‌باره‌ی ئه‌نجامی دانووستانه‌كانی شاندی هه‌رێم له‌گه‌ڵ حكوومه‌تی عێراق و پرۆژه‌ی بوودجه‌ی 2020 گفتوگۆ ده‌كه‌ن.

به‌گوێره‌ی ئه‌و زانیاریانه‌ی له‌ ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیرانه‌وه‌ به‌ میدیاكان دراوه‌، ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران دەرئەنجامی دانوستاندنی حکومەتی هەرێمی و حکومەتی فیدراڵی لە سەر پڕۆژە بودجەی 2020 ده‌خاته‌ روو، هاوكات له‌باره‌ی كێشه‌ و ئاسته‌نگه‌كانی كاره‌با و پڕۆژە یاسایەکیش گفتوگۆ ده‌كه‌ن.

له‌باره‌ی دانووستانه‌كانی نێوان هه‌رێم و به‌غدا، رۆژی سێشه‌ممه‌ش مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ شاندی حکومەتی هەرێم بۆ گفتوگۆ لە لەگەڵ حکومەتی فیدراڵ تایبەت بە پرسی بودجەی 2020 کۆبووه‌وه‌ و سەرۆک و ئەندامانی شاندەکە، وردەکاری ئەو رێککەوتنەیان خستەڕوو، کە لە ژێر رێنمایی و بە چاودێری سەرۆکی حکومەت لە گەڵ وەزارەتی دارایی حکومەتی عێراق لە بارەی بودجەوە ئەنجامدراوە. شاندەکە ئاماژەی بەوەدا کە حکومەتی هەرێمی کوردستان لە گەڵ وەزارەتی دارایی عێراق گەیشتووەتە دەرئەنجامی کۆتایی لە سەر پڕۆژەی بودجەی 2020.ئەمەش یەکەمجارە حکومەتی هەرێمی کوردستان لە قۆناخی سەرەتایی ئامادەکردنی رەشنووسی بودجەی فیدراڵ بەشدار بێت.

له‌و كۆبوونه‌وه‌یه‌شدا حکومەتی هەرێمی کوردستان، هیوایخواست رێککەوتنەکە وەکو خۆی جێبەجێ بکرێت و داواشی لە فراکسیۆنە کوردستانییەکان و فراکسیۆنەکانی دیکە لە پەرلەمانی عێراق دەکات، لە قۆناخی داهاتوو کە پڕۆژەی بودجە دەچێتە پەرلەمانی عێراق، هاوکار و پشتیوان بن، لە چەسپاندن و پاراستنی ماف و شایستە داراییە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان .