حكوومهتی ھەرێم پێشنیازهكانی بانكی نێودهوڵهتی جێبهجێ دهكات
K24 - سلێمانی
لە سێ ساڵی رابردوودا قەیرانی دارایی بووەتە ھۆكار بۆ پهككهوتنی زۆرێك لە پڕۆژە خزمەتگوزارییەکان و پەکخستنی کەرتی تایبەت لە ھەرێمی کوردستان، بەڵام حکوومەتی ھەرێمی كوردستان لە ھەوڵدایە بۆ تێپەڕاندنی ئەم دۆخە و به گهڕخستنهوهی سەرجەم پڕۆژهكان و ھاوکاریکردنی کەرتی تایبەت بۆ باشترکردنی باری ئابووری، لهو چوارچێوهیهشدا كاری لهسهر جێبهجێكردنی پێشنیازهكانی بانكی نێودهوڵهتی كردووه.
مەلا یاسین، سەرۆکی وەبەرھێنەرانی کوردستان بە كوردستان24 راگەیاند: "لە ھەرشوێنێك ئەگەر پێوەرەكانی بانكی نێودەوڵەتی پەیڕەوبكرێت، ئەوا بێگومان بانكی نێودەوڵەتی ھاوكار دەبێت، ھەرێمی كوردستانیش ئەو پێوەرانەی كە لە بانكی نێودەوڵەتییەوە دراون بە حكوومەتی ھەرێمی كوردستان دەستیپێكراوە و جێبەجێ دەكرێن".
بانکەکان ھەمیشە رێگەیەك بوون بۆ چارەسەری کێشە داراییهكان، بانکی نیودەوڵەتی له عێراق بە مەبەستی باشترکردنی دۆخی ئابووری لە عێراق و ھەرێمی کوردستان ھەڵدەستێت بە پاڵپشتی کردنی پڕۆژەکانی کەرتی تایبەت و گشتی لهگهڵ ھاوکاری گەنجان و ھێنانە ناوەوەی ھێزی کاری ژنان، بە تایبەت تا لەو رێگەیەوە کار بکرێت بۆ نەھێشتنی قەیرانی دارایی و دابهزاندنی ئاستی بێكاری.
یارا سالم، نێردراوی تایبەتی بانکی نێودەوڵەتی له عێراق بە كوردستان24 گوت: "لەگەڵ حكوومەت كاردەكەین بۆ گۆڕانكاری لە یاساكاندا و بەشێوەیەكی باش كە ھاندان بێت بۆ كەرتی تایبەت، كاردەكەین بۆ دەستپێكردنەوەی چالاكییە ئابوورییەكان، ھەروەھا كاردەكەین لەسەر ئەو دامەزراوە كۆمەڵایەتییانەی كە رۆڵیان ھەیە بۆ ھۆشیاركردنەوەی خەڵك، بۆ بەشداری پێكردنی ژنان و گرنگی پێدانیان لە بازاڕی كاردا".
حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە چوارچێوهی ھەوڵەكانی بۆ تێپەڕاندنی قەیرانەکان، چەندین پڕۆژەو کاری کردووە، بەتایبەت ھاندانی کەرتی تایبەت لە بووژانەوەی ئابوریدا. بە بڕوای ھەندێك لە خاوەن پڕۆژە تایبەتەکانیش لە کابینەی نوێی حکوومەتدا چەندین گۆڕانکاری دهكرێن بۆ بەردەوامی دان بە تەواوکردنی پڕۆژە خزمەتگوزارییەکان و ھاندانی کەرتی تایبەت.
ھ.م