توركیا دامەزراندنی سوپا لە رۆژئاوای كوردستان بە مەترسی دەزانێت

داوای روونكردنەوە لە ئەمریكا دەكات

K24 - ھەولێر

وەزارەتی دەرەوەی توركیا لە دژی ھەوڵی دامەزراندنی سوپایەك لە رۆژئاوای كوردستان، لە لایەن ئەمریكاوە ھاتە دەنگ و دامەزراندنی ئەو ھێزە بە مەترسی دەزانێت بۆ سەر ئاسایشی توركیا و یەكپارچەیی خاكی سووریا و داوای روونكردنەوە دەكات.

لە راگەیەندراوێكدا وەزارەتی دەرەوەی تورکیادا رایگەیاند: "دوای ئەوەی لە میدیای نێودەوڵەتییدا ژمارەیەك هەواڵ سەبارەت بە ئامادەکاریی بۆ دامەزراندنی بە ناو ''سوپای باکوور'' بۆ پەیەدە/یەپەگە، بە پشتیوانیی ئەمریکا، بڵاوکرایەوە، کار بەرێکەری باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە رۆژی 10 ئەم مانگە بۆ وەزارەتی دەرەوە بانگر کرا و داوای روونکردنەوەی لێکرا''.

لە بەشێكی دیكەی راگەیەندراوەكەدا ئاماژە بۆ ئەوەكراوە: ''ژمارەیەك هەواڵ بڵاوکراونەتەوە کە گوتەبێژی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژ بە داعش، ئاماژەی بەوەکردووە هێزەکانی هاوپەیمانان هەوڵەکانیان چڕکردووەتەوە بە مەبەستی پێکهێنانی "هێزی ئاسایشی سنووری سووریا" لە بە ناو "هێزەکانی سووریای دیموکرات" کە لە 30 هەزار کەس پێکدێت و لەژێر فەرماندەیی ئەو بە ناو هێزانەدا دەبێت کە بەشێکی لە پەیەدە/یەپەگە پێکدێت و لە لایەن رێخکراوەکەوە ئاراستە دەکرێت''.

وەزارەتی دەرەوەی توركیا راشگەیاندووە: "تورکیا لە هەر دەرفەتێکدا و لەسەر هەموو ئاستەکان جەختی لەوەکردووەتەوە کە پرۆسەی سەقامگیرکردنی ئەو ناوچانەی لە رێکخراوی تیرۆریستیی داعش پاککراونەتەوە، لە رێگەی هاریکارییکردن و بەڕێوەبردنی لە لایەن رێکخراوێکی تیرۆریستیی دیکەوە، هەڵەیە و مەترسیدارە".

ئەوەشی خستووەتەڕوو: "بۆ پێکهێنانی بە ناو ''هێزی ئاسایشی سنووری سووریا'' هیچ راوێژێک بە تورکیا بە سیفەتی ئەندامی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی نەکراوە و ئەوەش نازانرێت کە ئەو بڕیارەی هاوپەیمانییەکە لە لایەن کام لە ئەندامانەوە دراوە، ئەمە جگە لەوەی ساغکردنەوەی ئەو هەنگاوە تاکلایەنەیە لە رێگەی روونکردنەوەوە بەسەر هاوپەیمانێتییدا، کارێکی تا بڵێی هەڵەیە کە زیان بە بەرەنگاربوونەوەی داعش دەگەیەنێت".

لە كۆتایی راگەیەندراوەكەی وەزارەتی دەرەوەی تورکیا ھاتووە: ''ئەم جۆرە هەوڵانەی بەردەوامییدان بە هاوکارییکردنی پەیەدە/یەپەگە، لە لایەن ئەمریکاوە کە دژیەکە لەگەڵ بەڵێن و راگەیەنراوەکانی ئەمریکادا و ئاسایشی نیشتمانیی تورکیا و یەکپارچەیی خاکی سووریا دەخاتە مەترسییەوە، هەرگیز جێگەی قبووڵکردن نیین. ئیدانەی سووربوون لەسەر ئەو هەڵوێستە هەڵەیە دەکەین و جارێکی دیکە ئەوە وەبیر دەهێنینەوە کە تورکیا رژدە و توانای ئەوەی هەیە هەر جۆرە هەڕەشەیەک بۆ سەر وڵاتەکەی لەناوبەرێت''.

دەنگۆی بڵاوبوونەوەی سوپایەكی لە رۆژئاوای كوردستان لەلایەن ئەمریكا، ھاوكاتە لەگەڵ جوڵاندنی ھێز لەلایەن توركیا بەرەو شاری عەفرین لە رۆژئاوای كوردستان، كە لەژێر دەسەڵاتی یەپەگە دایە.

سەرچاوە: ئەنادۆڵ