سلێمانی بووه‌ته‌ چه‌قی ململانێی لایه‌نه‌كان بۆ هه‌ڵبژاردن

ئایا گورزی دووه‌م به‌ر یه‌كێتی ده‌كه‌وێت؟ سلێمانی چیدیكه‌ زۆنی سه‌وز نییه‌

K24 - سلێمانی:

ئێستا پارێزگای سلێمانی بۆتە چەقی ململانێی بەشێکی زۆر لە ھێزو لایەنە سیاسیە کۆنەکان و نوێکانیش، بەشێکی زۆر لە لایەنەکانیش چاویان لە دەنگەکانی پارێزگای سلێمانیە، ئەوەی کە ماوەتەوە ئەوەیە ئایا لەکاتی ھەڵبژاردندا دەنگەکانی پارێزگای سلێمانی سزای چ لایەنەێک دەدات و چ لایەنێک دەکاتە پێشەنگ.

یەکێتی نیشتیمانی بۆ ماوەی چەند ساڵێک لەسەر کورسی حوکمی  ئەم شارە دانیشتبوو، بەڵام بزووتنەوەی گۆڕان, یەکێتی لەو کورسیە ھێنایە خوارەوە، بە جیابوونەوەی ھێزێکی دیکە مەترسی ھەیە جارێکی تر دەنگەکانی یەکێتی کەم بکات، بەڵام تائێستا دڵنیان لەوەی کە یەکێتی دەنگەکانی کەم ناکات و پێشیان خۆشە کە ھێزی نوێ دروست بووە.

ھاوپەیمانی بۆ دیموکراسی و دادپەروەری کە لە یەکێتی جیابوەتەوە چاوەڕێدەکرێت بەشێک لە دەنگەکانی یەکێتی بۆخۆی بەرێت، بۆیە بە دروستبوونی ئەم ھێزە ئەستەمە جارێکی دیکە بە سلێمانی بوترێت زۆنی سەوز، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا چاویان لە دەنگەکانی پارێزگاکانی دیکەشە.

لە پارێزگای سلێمانی لایەنەکان کێبڕکێ دەکەن بۆ بەدەستھێنانی ١٨ کورسی لەو پارێزگایە، کە ملیۆنێک و سێ سەدو حەفتاو حەوت ھەزارو حەفتاو یەک ھاوڵاتی مافی دەنگدانیان ھەیە.