سه‌رۆك بارزانی پیرۆزبایی له‌ كوردانی ئێزیدی ده‌كات

جەژنی سەری ساڵی ئایینی ئێزیدی "چارشەمبا سۆر" پیرۆز ده‌كات

K24- هه‌ولێر:

سه‌رۆك مه‌سعود بارزانی به‌بۆنه‌ی هاتنی جه‌ژنی سه‌ری ساڵی ئایینی ئێزیدی ناسراو به‌ "چارشه‌مبا سۆر" په‌یامێكی پیرۆزبایی ئاراسته‌ی سه‌رجه‌م ئێزیدییه‌كانی كوردستان و جیهان كرد.

ده‌قی په‌یامه‌كه‌ی سه‌رۆك بارزانی به‌بۆنه‌ی هاتنی جه‌ژنی "چارشه‌مبا سۆر":

بەناوی خودای بەخشندە و میهرەبان

بەبۆنەی هاتنەوەی جەژنی سەری ساڵی ئایینی ئێزیدی، چارشەمبا سۆر، گەرمترین پیرۆزبایی خۆم ئاراستەی هەموو خوشك و برایانی ئێزیدی لە كوردستان و جیهان دەكەم و هیوای بەختەوەری و كامەرانیان بۆ دەخوازم.

لە ساڵانی ڕابردوودا خوشك و برایانی ئێزیدی بەهۆی زوڵم و تاوانی تیرۆریستان و ناحەزان ئێش و ئازارێكی زۆریان بینیوە، كە لە مێژوودا وێنەی نەبووە. لێرەدا ئەوە دووپات دەكەمەوە كە بە هەموو توانایەك پشتگیریی داخوازییەكانی خوشك و برایانی ئێزیدی دەكەم و پێویستیشە هەموو لایەك هاوكار بێت، بۆ ئەوەی بتوانن خۆیان بڕیار لە چارەنووس و ئاییندەی خۆیان بدەن و برینەكانیان ساڕێژ بكەن و كۆتایی بە ئاوارەیی و نەهامەتیان بێت.

لەو بۆنەیەدا خوشك و برا ئێزیدییەكان و هەموو پێكهاتەكانی دیكه‌ لەوە دڵنیا دەكەمەوە، كە كوردستان وڵاتی پێكەوەژیانە و دەبێ ئەو فەرهەنگە دەوڵەمەندە و برایەتی و تەباییه‌ فراوانتر بكرێت.

هیوادارم هەموو جەژن و بۆنەكانتان بە شادی و ئاسوودەیی بەڕێ بكەن و بمێنن بە خێر و خۆشی.

مسعود بارزانی, 16ـی نیسانی 2019

H.B