گەنجێكی كورد لە بەریتانیا رووبەڕووی گرووپێكی تیرۆریستی دەبێتەوە

پۆلیسی بەریتانیا ستایشی گەنجێكی كورد دەكات

K24 - ھەولێر

گەنجێكی کوردی دانیشتووی شاری لیڤەرپولی بەریتانیا، رێگری لە كردەوەكانی گرووپێكی تیرۆرستی سەر بە داعش دەكات و لەلایەن پۆلیسی بەریتانیا ستایشی ئەو گەنجە كوردە دەكرێت و دەبێتە سەردێری رۆژنامەكانی بەریتانیا.

ئیدریس نوسرەتی، کە خەڵکی سنەی رۆژهەڵاتی کوردستانە و ماوەی نۆ ساڵە لە بەریتانیا دەژی خاوەنی چێشتخانیەکە، لەو كاتەی گرووپێكی تیرۆرستی بە چەقۆ لە خەڵكی غەیرە موسڵمان دەدەن و ئازاریان دەدەن، رووبەڕوویان دەبێتەوە و دەبێتە ھۆكاری رزگاركردنی چەندین كوڕ و كچی بەریتانی لە دەست ئەو گرووپە.

ئیدریس بەسەرھاتەكە بۆ كوردستان24 دەگێڕێتەوە و دەڵێ: "ساڵێک پێش ئێستا لە کاتی گەڕانەوەم لە چێشتخانەکە کاتژمێر 3 شەو چەند كەسێكم بینی کە پەلاماری چەند کچ و كوڕێكی بەریتانی دەدەن، خۆم بۆ راناگیرا و بەھانایانەوە چووم، سەرەتا گوێم لێ بوو ئەو كەسانە پرسیاریان لێ دەكردن، تۆ موسڵمانی؟ ھەمان پرسیاریان لە منیش كرد گوتم موسڵمانم، شەھادەم ھێنا ئینجا باوەڕیان كرد و گوتیان تۆ بڕۆ، بەڵام پێم گوتن، بۆ لەو کوڕو کچە دەدەن؟ گوتیان "ئەوان موسڵمان نین". ھەرچەندە گوتیان لەبەر خاتری تۆ لێیان نادەین، بەڵام گومانم ھەوبوو، بۆیە بە دزییەوە بەدوایان كەوتم و بینیم بە چەقۆ لێیان دەدەن و یەكێكیش لەو گرووپە بە مۆبایل تەسویری دەكردن".

ئیدریس دەڵێ: "لەو کاتەدا پەیوەندیم بە پۆلیسەوە كرد، بەڵام دواتر مۆبایلەکەم بە هۆی کەمی شەحنەوە كوژایەوە، بەڵام بڕیارمدا تا پۆلیس دەگات بەدوایان كەوم، ئیتر پۆلیس درەنگ گەیشتن، تا پۆلیس گەیشت ئەو گرووپە تیرۆریستیە 15 كەسیان برینداركرد، بە ھەر جۆرێك بێ ھەوڵمدا و مۆبایلم لەو كەسە ستاند كە تەسویری دەكرد، لەوكاتە مۆبایلێكی كێشا بەنێوچەوانم و برینداری كردم، لەوكاتە پۆلیس گەیشتە شوێنەكە، كە مۆبایلەكەیان بینی بەم جۆرە بە چەقۆ لە خەڵك دەدەن، تووشی سەرسوڕمان بوون، لە كاتی دادگاییكردنیان ئاشكرا بوو كە ئەو گرووپە بە رەگەز پاكستانین و لە دایكبووی بەریتانیان و سەر بە رێكخراوی داعشن".

دوایی ساڵێك لە رووداوەكە و دادگاییكردنی ئەو گرووپە تیرۆریستیە، پۆلیسی بەریتانیا لە چێشتخانە سەردانی ئیدریس دەكەن و ستایشی ئەو رۆڵ و ماندوبوونی دەكەن لە دەستگیركردنی ئەو گرووپە، ئەوكات ئەو چیرۆكە زیاتر لە بەریتانیا دەنگیدایەوە، ئیدریس وەك كوڕە كوردێك، بوو بە سەردێری زۆربەی رۆژنامە بەناوبانگەكانی بەریتانیا.

ئیدریس دەڵێ: "وەك کوردێك شانازی دەکەم، كە توانیم ئەو كارە بكەم و چەند كەسێك رزگاربكەم و ببمە ھۆكاری دەستگیركردنی ئەو گرووپە تیرۆریستیە".

گەنجێكی كورد لە بەریتانیا رووبەڕووی گرووپێكی تیرۆریستی دەبێتەوە
گەنجێكی كورد لە بەریتانیا رووبەڕووی گرووپێكی تیرۆریستی دەبێتەوە
گەنجێكی كورد لە بەریتانیا رووبەڕووی گرووپێكی تیرۆریستی دەبێتەوە
گەنجێكی كورد لە بەریتانیا رووبەڕووی گرووپێكی تیرۆریستی دەبێتەوە
گەنجێكی كورد لە بەریتانیا رووبەڕووی گرووپێكی تیرۆریستی دەبێتەوە
گەنجێكی كورد لە بەریتانیا رووبەڕووی گرووپێكی تیرۆریستی دەبێتەوە