ھەندێك كاندید پەنا بۆ ئەو بەردانە دەبەن كە پێیان ناھاوێژرێ

"پێویستە دوای ھەڵبژاردن لێپرسینەوەیان لەگەڵ بكرێت"
kurdistan24.net

K24 - سلێمانی

زۆر لە کاندیدەکان گفت و بەڵێن دەربارەی ھەندێك بابەت دەدەن کە لە داھاتوودا جێبه‌جێكردنی لە دەسەڵاتی ئەواندا نییە، ھاوکات ھەندێك لەو بەڵێنانە لە دەسەڵاتی ئەواندا نییە و کاری دەسەڵاتی جێبەجێکردنە.

پەندێکی کوردی ھەیە کە دەڵێت "بەردی گەورە نیشانەی نەھاویشتنە" رەنگە ئەم پەندە بەسەر بەشێك لە کاندیدەکانی ئێستا بۆ خوولی داھاتووی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق جێبەجێ بکرێت، ئەگەر بۆماوەی چەند خووله‌كێك بەڵێنی بەشێك لە کاندید و تەنانەت لایەنەکان بخوێنیتەوە، زۆر بەئاسانی ھەست بەوە دەکەیت کە جێبەجێکردنی ئەو بەڵێنانە بەو ئەقڵیەتەی لە بەغدا بەرامبەر بە کورد ھەیە، زۆر ئاستەمە، چونکە بەغدا تا ئەم ساتەش ئامادە نییە مافە دەستوورییەکانی کورد جێبەجێ بکات.

لەوبارەوە رزگار ئەژی گۆران، سەرۆکی لیستی پارتی دیموکراتی کوردستان لە سلێمانی دەڵێت: "پێش ھەموو شتێك دەبێ درك بە كێشەكانی نێوان ھەرێمی كوردستان و بەغدا بكەین، كە كێشەی چەندین ساڵەن، دوای 16 ئۆكتۆبەر كۆمەڵێك كێشەی دیكە ھاتوونەتە پێشەوە، دەبێ رێگەچارە بۆ ئەو كێشانە بدۆزینەوە".

کاندیدێکی یەکگرتووی ئیسلامیش پێیوایە، بەڵێنی بەشێك لە کاندیدەکان نەك بە خۆیان و بە حزبەکانیشیان جێبەجێ ناکرێت، بەڵکو بە کوتلەیەکی گەورەی کوردستانیش لە بەغدا جێبەجێ ناکرێت، بە پێویستیشی دەزانێت، پاش ھەڵبژاردن دەزگایەك ھەبێت لێکۆڵینەوە و به‌دواداچوون بۆ به‌ڵێنه‌كان و کاری کاندیدە دەرچووەکان بکات.

فاتیح محه‌مه‌د سەنگاوی، کاندیدی یەکگرتووی ئیسلامی لە پارێزگای سلێمانی بە كوردستان24 گوت: "ھیواخوازم ئەوانەی كە بەڵێن بە خەڵك دەدەن، لە دوای ھەڵبژاردن لایەنێك ھەبێت لێپرسینەوەیان لەگەڵ بكات و سزا بدرێن، چونكە ئیشكردنە لەسەر سۆزی خەڵك، كە ناتوانن لەگەڵیان راستگۆبن تاوانێكی گەورەیە، بۆیە ھەڵەیە كە بەڵێنێك بدەیت و نەتوانی جێبەجێی بكەیت".

بۆ ھەڵبژاردنی داھاتووی عێراق ماوەیەك پێش ئێستا رەخنەی ئەوە لە کاندیدەکان دەگیرا کە رەخنەکانیان ھێندە روو لە ناوخۆی كوردستانە، نیو ھێندە روو لە بەغدا نییە، ئێستاش رەخنەیەکی دیکە لە ھەندێکیان دەگیرێت كە بەڵێنەکانیان تەنیا دەسەڵاتی جێبەجێکردن دەتوانێت جێبەجێی بکات نەك ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق.

ھ.م