له‌ شه‌ڕی نێوان دوو خێزان كوڕ و باوكێك بوونه‌ قوربانی

هه‌ردوو خێزانه‌كه‌ ئامۆزای یه‌كترن

K24- هه‌ولێر:

لە شەڕ و ڕووبەڕوبوونەوەی نێوان دوو خێزانی سه‌ر به‌ یەک بنەماڵە، کە ئامۆزای یەکترن، کەسێک کوژرا و یەکێکی دیكه‌ش بریندار بوو.

بە وتەی پۆلیسی ده‌ڤه‌ری راپه‌ڕین، ڕووداوەکە لە کۆمەڵگای شکارتە، لە سنووری ناحیەی بێتواتە ڕوویداوە و کوژراو و بریندارەکە کوڕ و باوکن.

ڕائید شۆڕش ئیسماعیل، وتەبێژی بەڕێوبەرایەتیی پۆلیسی ڕاپەڕین بە کوردستان ۲٤ ی ڕاگەیاند، تاکو ئێستا هیچ كه‌سێك له‌سه‌ر رووداوه‌كه‌ دەستگیر نەکراوە، تۆمەتبارەکانیش به‌ره‌و شوێنێكی نادیار ڕایانکردووە.

ئاماژەی بەوەش کرد، دوای رووداوه‌كه‌ ده‌ستبه‌جێ هێزەکانی پۆلیس گەیشتونەتە شوێنەکە و لێکۆڵینەوە لە هۆکاری ڕووداوەکە ده‌ستی پێكردووه‌ و دۆسیه‌ی لێکۆڵینەوە بۆ ئه‌و كه‌یسه‌ كراوه‌ته‌وه‌.

وه‌ك وتەبێژی پۆلیسی ڕاپەڕین رایگه‌یاند، هۆکاری ڕاستەقینەی ڕووداوەکە تاکو ئێستا نەزانراوە، پۆلیس وتەیان لە بریندارەکە وەرگرتووە، بەڵام ئەوانیش نازانن بۆچی هێرشیان کراوەتە سەر.

H.B